مانگی رابردوو 228 هەزار هەلی کار لە ئەمریکا رەخسێندراون و بێکاری 4.2%ە

04-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، مانگی ئاداری ئەم ساڵ 228 هەزار هەلی کار رەخسێندراون. ترەمپ دەڵێت، ژمارەکە باشترە لەوەی پێشبینی دەکرا.
 
رۆژی هەینی 04-04-2025 وەزارەتی کاری ئەمریکا ئاماری هەلی کاری مانگی ئاداری بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "مانگی ئادار 228 هەزار هەلی کار رەخسێندراون؛ بەراورد بە مانگی شوبات 111 هەزار هەلی زیادیان کردووە."
 
مانگی شوبات 117 هەزار هەلی کار رەخسێندرابوون؛ پێشبینی دەکرا لە مانگی ئاداردا 140 هەزار هەلی کار بڕەخسێندرێن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی: "ئەمانە ژمارەی زۆر مەزنی کارن، زۆر باشترن لەوەی پێشبینی دەکرا."
 
بەگوێرەی وەزارەتی کار، بێکاری لە مانگی ئاداردا 4.2٪ بووە، لەکاتێکدا لە شوبات 4.1٪ بووە. 
 
حەقدەستی کرێکار و مووچەی فەرمانبەران بۆ هەر کاژێرێک 0.3٪ لە مانگی ئادار زیادی کردووە. تێکڕای کارکردنیش وەک خۆی ماوەتەوە کە 34.2 کاژێرە لە هەفتەیەکدا.
 
وەزارەتی کار دەڵێت، لە مانگی ئاداردا زۆرترین هەلی کار لە کەرتی چاودێریی تەندروستی رەخسێندراوە. تەنیا لەو کەرتەدا 54 هەزار کەس کاریان دەستکەوتووە. 24 هەزار هەل لە کەرتی بیمەی کۆمەڵایەتی و 23 هەزار هەلی کاریش لە کەرتی گواستنەوە دەستەبەرکراون.
 
لە کانوونی دووەمی 2022 تاوەکو ئاداری 2025، زۆرترین هەلی کار لە مانگی شوباتی 2024 رەخسێندران کە 904 هەزار هەلی کار بوون. کەمترین هەلی کاریش لە تشرینی یەکەمی 2024 بوو کە 43 هەزار هەلی کار بوون.
 
لە کانوونی دووەمی 2021 تاوەکو مانگێک لەمەوبەر، بەرزترین رێژەی بێکاری لە مانگی یەکی 2021 تۆمارکرا کە 6.3٪ بوو، نزمترین رێژەش لە نیسانی 2023 تۆمارکرا کە 4.3٪ بوو.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، 02-02-2025 دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیهان و هەموو ئۆتۆمبێلێکی دەرەوەی ئەمریکا سەپاند کە هەناردەی وڵاتەکەی دەکرێت. 
 
ترەمپ داوایکرد کۆمپانیاکان بچن لە ئەمریکا کارگە بکەنەوە و هەلی کار بڕەخسێنن. چاوەڕێ دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوو ژمارەکانی وەزارەتی کار گۆڕانکاریی گەورە بەخۆیانەوە ببینن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە