پێناسی گومرگی بازاڕی ئۆتۆمبێلی ئەمریکا دەهەژێنێت؛ نرخ بەرز دەبێتەوە و بەرهەمهێنان رادەگیرێت

04-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل دەستیان بە خۆگونجاندن لەگەڵ پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا کردووە. بەشێکیان دروستکردنی ئۆتۆمبێلیان راگرتووە و بەشێکیان نرخیان بەرز کردووەتەوە، هەندێکی دیکەشیان هەناردەی چەند مۆدێلێکی دیاریکراویان هەڵپەساردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 02-04-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو وڵاتانی جیهان بە رێژەی جیا جیا بسەپێنێت.
 
ئەوەی بۆ هەمووان وەکو یەکە، پێناسی گومرگیی 25%ـە بۆسەر هەر ئۆتۆمبێلێک کە هەناردەی ئەمریکا دەکرێت و دوێنێ پێنجشەممە 3ی نیسان، بڕیارەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە.
 
خۆگونجاندن
 
کۆمپانیای فێراریی ئیتاڵی یەکێکە لەو براندانەی هەر زوو بڕیاری دا 10% نرخی ئۆتۆمبێلەکانی لە ئەمریکا زیاد بکات.
 
کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەکو ستێلانتیس، جەنەراڵ مۆتۆرز و فۆرد داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا کرد پێناسە گومرگییەکان سووک بکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە هەرچەندە ئەمریکین، بەڵام بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانیان لە مەکسیک و کەنەدا دروست دەکەن و هەناردەی ئەمریکایان دەکەن.
 
ستێلانتیس خاوەنی هەریەک لە براندەکانی جیپ، کرایسلەر، دۆج و رامە و دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، لە بەشێک لە کارگەکانی کەنەدا و مەکسیک دروستکردنی ئۆتۆمبێل رادەگرێت.
 
کۆمپانیاکە گوتی، کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی جۆری کرایسلەری ئەمریکی کە لە شاری ویندزۆری کەنەدایە، لە 7 تاوەکو 21ـی نیسان رادەگرێت. کارگەی کرایسلەر لەو شارە تەنیا رووبارێکی لەگەڵ شاری دیترۆیتی ئەمریکا لەنێواندایە. پردێک و توونێلێک دوو شارەکە، واتا دوو وڵاتەکە بەیەکەوە دەبەستنەوە.
 
کارگەی کرایسلەر لە شاری ویندزۆر نزیکەی 4000 کەس کاری تێدەکات و یەکێکە لەو سێ کارگانەی ستێلانتیس لە کەنەدا هەیەتی. هەریەک لە مینی ڤانی جۆری کرایسلەر پسیفیکا و دۆج چارجەری کارەبایی لەو کارگەیە دروستدەکرێن.
 
ستێلانتیس رایگەیاند، "لە مامەڵەکردن و پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بەردەوام دەبین."
 
ستێلانتیس 75%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەمریکا دەیانفرۆشیت لە ئەمریکا دروستیان دەکات، واتە 25%ی ئۆتۆمبێلەکانی رووبەڕووی پێناسی گومرگی دەبنەوە.
 
بۆ نموونە، پێشبینیی دەکرێت پیکئەپێکی جۆری رام RAM کە نرخەکەی 80 هەزار دۆلار بێت [8 دەفتەر] نرخەکەی بۆ 100 هەزار دۆلار [10 دەفتەر] بەرز بێتەوە.
 
جەنەراڵ مۆتۆرز GM خاوەنی شێڤرۆلەی، بیوک، GMC و کادیلاکە؛ پشتێکی زۆر بە کارگەکانی لە مەکسیک و کەنەدا دەبەستێت.
 
جەنەراڵ مۆتۆرز کە بنکەی سەرەکی لە ویلایەتی میشیگنە، تەنیا 45%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە ئەمریکا دەیانفرۆشێت، لە ناوخۆدا بەرهەمیان دەهێنێت؛ ئەمەش بەو مانایەی %55یان رووبەڕووی پێناسی گومرگی دەبنەوە.
 
فۆرد لە دۆخێکی باشتردایە، 80%ی ئۆتۆمبێلەکانی لە ئەمریکا دروستدەکرێن. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، پێناسە گومرگییەکان ئۆتۆمبێلە بچووکەکانی فۆرد ناگرنەوە، تەنیا بارهەڵگرەکان نەبێت.
 
پیکەپی جۆری  F-150ی فۆرد لە ئەمریکا دروستدەکرێت، بەڵام جۆری ماڤەریک و برۆنکۆ سپۆرت لە مەکسیک دروستدەکرێن، بۆیە دووچاری 25% پێناسی گومرگی دەبنەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای نیسانی ژاپۆنی رایگەیاند، هەردوو جۆری ئینفینیتی QX50 و QX55 کە لە مەکسیک دروستدەکرێن، ئیدی هەناردەی ئەمریکا ناکرێنەوە و لەوێ نافرۆشرێن.
 
فۆڵکسڤاگنی ئەڵمانی بە هەموو بریکارە ئەمریکییەکانی گوتووە، هەر ئۆتۆمبێلێک لە ئەورووپا و مەکسیکەوە هەناردەی ئەوێ بکات، "باجی هاوردە"ی دەخاتەسەر.
 
بانکی ئەمریکا پێشبینی دەکات، 7.3 ملیۆن ئۆتۆمبێل یان 8٪ـی فرۆشی جیهانیی ئۆتۆمبێل بەر لێشاوی ئەو 25٪ـە بکەون.
 
ترەمپ لە 20-01-2025 گەڕایەوە کۆشکی سپی و چەند جارێک پێشنیازی پێناسی گومرگی کرد. مانگی شوبات جیم فێرلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای فۆرد گوتی: "ئەو پێناسە گومرگییانە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل تووشی تێچوو و پشێوییەکی زۆر دەکەن."
 
جگە لە پێناسی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێل، هەمان رێژە لەسەر پارچە یەدەگەکانی ئۆتۆمبێلیش جێبەجێ دەکرێت، کە هەناردەی ئەمریکا دەکرێن؛ بەمشێوەیە، تەنانەت کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش لەو باجە زۆرە رزگاریان نابێت.
 
دوو پرسیار
 
ئێستا لەلای کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا دوو پرسیار ورووژاون؛ نرخی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا چەند بەرزدەبێتەوە؟ ئایا تاوەکو چ رادەیەک کڕیاری ئەمریکی خۆی لە کڕینی ئۆتۆمبێل بەدوور دەگرێت؟
 
بانکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل پێناسی گومرگی بدەن و قازانجی خۆشیان بهێڵنەوە بۆ ئەوەی زیانمەند نەبن، نرخی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا بە نزیکەیی 10 هەزار دۆلار زیاد دەکات.
 
شرۆڤەکارانی ئەو بانکە دەڵێن، ئەوان پێیان وانییە کڕیارانی ئەمریکا هەموو ئەم 10 هەزار دۆلارەیان لەسەر بکەوێت و  دەڵێن: "ئەو کۆمپانیایانەی ئۆتۆمبێل دروستدەکەن، سەرەتا ئۆتۆمبێلەکان بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشن و وردە وردە فرۆش لەگەڵ پلانی دروستکردن یەکسان دەکەن. لە ئەنجامدا پێشبینی دەکرێت لەبری 10 هەزار دۆلار، کڕیارانی ئەمریکا تەنیا چوار هەزار و 500 دۆلاریان لەسەر بکەوێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەو هاووڵاتییانەی کە چەند رۆژێک بوو پلانی کڕینی ئۆتۆمبێلیان هەبوو، روویان لە کۆمپانیا و بریکارە سەرەکییەکان کرد و ئۆتۆمبێلیان کڕی، یانیش ناوی خۆیان بۆ وەشانە نوێیەکان نووسی بۆ ئەوەی بە نرخێکی هەرزانتر بیکڕن و ئەو باجە نەدەن.
 
ئۆتۆمبێلی براندی شێڤرۆلەی [شۆفرلێت] جۆری پیکەپی سلڤەرادۆ و تۆیۆتا راڤ فۆر، بەگوێرەی پێشبینییەکان زیاتر لە براند و جۆرەکانی دیکە هەست بە زیانی باجەکان دەکەن، ئەمەش بەهۆی خواستی زۆر لەسەریان و هەناردەکردنیان بۆ ئەمریکا.
 
سیگدێم سێریت، شارەزایەکی بواری ئۆتۆمبێلە و دەڵێت، تەنانەت براندە گرانبەهاکانی وەک پۆرش کە مۆدێلی (ماکان) هەناردەی ئەمریکا دەکات و نرخی گونجاوە، بەهۆی پێناسە گومرگییەکان تووشی زەحمەتییەکی زۆر دەبێت.
 
'وەرنە ئەمریکا'
 
ترەمپ دەڵێت، مەبەستی ئەو پێناسە گومرگییانە بریتییە لە هاندنی کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی بچنە ئەمریکا و لەوێ ئۆتۆمبێل دروستبکەن.
 
ئابی ستامپ، شڕۆڤەکار لە کۆمپانیای Oxford Economics دەڵێت، هەندێک لە کۆمپانیاکان دەتوانن بەشێک لە بەرهەمەکانیان بگوازنەوە ئەمریکا، بەڵام "ئەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رکابەری، بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە بەرهەمهێنان لەلایەن ئەو وڵاتانەی هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکان لە بازرگانیدا."
 
گیلۆم کرونێل، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای دیلوێتی بەریتانیا گوتی: "کۆمپانیاکان با لە خۆیان بپرسن کامەیان باشترە؟ چوون بۆ ئەمریکا کە بازاڕێکی لاوازی هەیە یانیش بژاردنی پارەی گومرگ؟"
 
هەردوو کۆمپانیای هیۆندای کۆری و ستێلانتیس بڕیاریانداوە چەند کارگەیەک لە ئەمریکا بکەنەوە. 
 
کۆمپانیای نیسانیش کە ماوەیەک لەمەوبەر ویستی دروستکردنی جۆری (رۆگ) لە ویلایەتی تێنسی رابگرێت، رایگەیاند دروستکردن بەردەوام دەبێت.
 
کۆمپانیای ڤۆڵڤۆی سوێدی رایگەیاندووە، لەو کارگەیەی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور هەیەتی، دروستکردنی ئۆتۆمبێل خێراتر و زیاتر دەکات، هەروەها پلانی داناوە مۆدێلێکی نوێی ئۆتۆمبێل هەر لەوێ دروستبکات.
 
ساڵی رابردوو 10.6 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا دروستکران. شارەزایانی بانکی ئەمریکا دەڵێن، پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە ببێتە 11.6 ملیۆن ئۆتۆمبێل و هەلی کاری زیاتر لە ئەمریکا بڕەخسێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی.

گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە بەهای تمەنی بەرزکردەوە

ئێران و ئەمریکا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی ناوبردووە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.