رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە بواری پەرەپێدانی بازرگانی و دەستنيشانکردنی ئەو بوارانەی لەپێشينەن بۆ کارلەسەرکردن و پێشخستن و گەشەپێدانیان، واژۆ کرا.
سهرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی واژۆکردنی رێککەوتنە بازرگانییەکەی کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئهمڕۆ (سێشەممە 3-9-2024)، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیی له شاندێکی بەریتانی کرد، بە سەرۆکایەتيی ئۆلیڤەر کریستیان، کۆمیسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستان."
لە دیدارەکەدا کە ئەندرو بیزلی، كونسوڵى گشتيى شانشینی یەکگرتوو له ههرێمى كوردستان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کرا. بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ مەسرور بارزانی "سوپاسی پشتیوانی و هاریکاريی بەردەوامی شانشینی یەکگرتووی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و، خواستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەشی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە."
کۆمیسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی، "ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەرفەتی زۆر بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا هەیە." ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتيی سەرۆکی حکومەت، رێککەوتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا واژۆ کرا، لە بواری پەرەپێدانی بازرگانی و دەستنيشانکردنی ئەو بوارانەی لەپێشينەن بۆ کارلەسەرکردن و پێشخستن و گەشەپێدانیان، وەک کشتوکاڵ و تەندروستی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان و تەکنەلۆجیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ