رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە پێش پشووی جەژنی رەمەزان، بەهای دینار دابەزی و بەهای زێڕیش گەیشتە بەرزترین ئاست.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار بە 147 هەزار و 700 دینار دەفرۆشرێت و بە 147 هەزار و 350 دینار دەکڕدرێت".
حاجی سابیر گوتی، "بەراورد بە شەممەی رابردوو کە رۆژێک پێش جەژنی رەمەزان بوو، 100 دۆلار، هەزار دینار بەرزبووەتەوە".
نرخی زێڕ
دوای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان، لە هەرێمی کوردستانیش نرخەکە گەیشتە بەرزترین ئاست و نرخی یەک مسقاڵی عەیار 21 بە 650 هەزار دینارە.
لەبارەی جۆرەکانی دیکەی زێڕەوە، عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێکی عەیار 18 بە 557 هەزار دینارە".
ئەمڕۆ نرخی زێڕ مسقاڵی عەیار 22 بە 680 هەزار دینار و عەیار 24یش بە 743 هەزار دینارە.
پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا، بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ناچارکردووە رووبکەنە کڕینی سامانە سەلامەتەکانی وەک زێڕ، ئەوەش نرخی کانزای زەردی بۆ ئاستێکی نوێی دیکەی مێژوویی بەرزکردوەتەوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە 3148 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دوای راگەیاندنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 3167 دۆلار و بەو پێیەش ئاستێکی نوێی مێژووی دیکەی تۆمارکرد.
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، پێناسی گومرگی بەسەر هەموو کاڵایەک سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ