رووداو-هەولێر
هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ریککەوتنێکیان لە بواری بازرگانی و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانیان واژۆکرد. بەگوتەی وەزیری بازرگانی ئێران، رێککەوتنەکە بناغەیەکی باشە بۆ درێژەپێدانی هاوکارییەکان. هەروەها گوتی، داهاتوویەکی گەش لە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراق پێشبینی دەکەین.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2-5-2018 کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک وەزیر و بەرپرسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر دەستیپێکرد.
لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هەموو هاوکارییە دوولایەنەکانی نێوانمان گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ئەو روانگە گەشانەی داهاتوو کە لەپێشمانە دەستنیشانکران.
د.محەممەد شەریعەتمەداری، وەزیری پیشەسازی، کانزاکان و بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: "ئامادەبوونمان لەم کۆنفرانسە بۆ هاوکارییە ئابوورییەکان و گەڕان بەدوای ئەو دەرفەتانەیە کە دەکڕێت لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق ئاڵۆگۆڕیان پێبکرێت بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا بە ئامادەبوونی هەموو چالاکانی ئابووری هەردوولا، هەموو هاوکارییە دوولایەنەکانی نێوانمان گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ئەو روانگە گەشانەی داهاتوو کە لەپێشمانە دەستنیشانکران. هەروەها ئاستەنگەکانی بەردەم پەرەپێدانی هاوکارییەکان دەستنیشانکران و وردتر قسەیان لەبارەوە کرا".
وەزیری پیشەسازی، کانزاکان و بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی زۆر باش و بنیاتنەر بوون و داهاتوویەکی گەش لە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراق پێشبینی دەکەین".
لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، شەریعەتمەداری گوتی: "لە کۆتایی ئەم سەردانەدا رێککەوتنێک لەنێوان وەزیری بەڕێزی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران و جێگری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران واژۆکرا کە ئەو رێککەوتنە بناغەیەکی باشە بۆ درێژەپێدانی هاوکارییەکان. کۆمیتەیەکی هاوبەشیش بۆ بەدواداچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستبووە کە لە ئەمڕۆ بەدواوە بە پاڵپشتی رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و باڵیۆزخانەکانی ئێران لە عێراق و عێراق لە ئێران، پرسەکان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. کە پێدەچێت ئەمەش هەنگاوێکی باش بێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان".



