رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت، هێلی بۆریی نەوتی نێوان وڵاتەکەی و عێراق، لە 4ی تشرینی یەکەمی پێرارەوە ئامادەیە. هەروەها دەشڵێت، ئامانجیانە لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێداندا، نەوتی عێراق لەڕێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان بگوازنەوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025، لەبارەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق و تورکیا [هەرێمی کوردستان] بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: ''لە 4ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە ئامادەیە. سێ بۆ پێنج مانگ وەستا، لە دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتی ساڵی 2023، بە مەبەستی پشکنینی تەکنیکی نۆژەنمان کردنەوە''.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا گوتیشی: ''دەمانەوێت هێڵی بۆریی نەوتی تورکیا – عێراق و ئەو هێڵی بۆرییە 650 کیلۆمەترییەی نێوان سیلۆپی – جەیهان بەکاربهێندرێت''.
بایراکتار راشیگەیاند: ''پشت بە خوا لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێداندا، لە رێگەی هێلێکی بۆریی نەوت کە تاوەکو بەسرە درێژدەبێتەوە، نەوتی عێراق لەڕێگەی تورکیاوە دەنێردرێتە بازاڕەکانی جیهان''.
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ