رووداو دیجیتاڵ
مێژووی کارکردن بە ئامێری دیجیتاڵی بۆ پارەپێدان (ATM) لە جیهاندا بۆ زیاتر لە 50 ساڵ دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی جیهانی، زیاتر لە 25 ساڵە نزیکەی 95٪ـی وڵاتان، مووچە لە رێگەی کارتی بانکییەوە دابەشدەکەن.
لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ملیۆنێک و 250 هەزار مووچەخۆری کەرتی گشتی هەن، کە تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆریان مووچەکانیان بە دەست لە فەرمانگەکانیان وەردەگرن و، کەمتر لە 10٪ـشیان لە رێگەی چەکی بانکییەوە مووچە وەردەگرن، لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا کارتی وەرگرتنی مووچە بۆ فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان دابیننەکراوە.
کێشەی عێراق جگە لە نەبوونی بانکی دیجیتاڵی، چوونەدەرەوەی ئەو پارەیەیە کە رۆژانە دەیخاتەڕوو، هەروەها نەهاتنی دیناری کاشە کە بۆ مووچە خەرجدەکرێت.
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت دەڵێت ئەوان لە ساڵی 2012ـەوە کار بۆ دانانی سیستم بۆ بانکەکان دەکەن، ئاماژە بەوەش دەدات "ئەو سیستمەی لای ئێمە هەیە IBCSـی پێدەگوترێت. بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆژیای بانکەکان هەموو ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستمە و، ئێستا لە هەولێر 12 بانک و لە دهۆکیش هەشت بانکمان بەسیستم کردوون".
لە هەرێمی کوردستان 90 بانکی حکومی و ئەهلی هەن. بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2006ـوە تاوەکو ئێستا کەمترین وەبەرهێنان لە کەرتی بانکیدا کراوە کە بەهاکەی تەنها 776 ملیۆن دۆلار بووە.
