لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت 'ئەگەری رێککەوتنی خێرای هەولێر و بەغدا' هەیە

01-04-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بڕوای کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەگەری زۆرە بە خێرایی رێککەوتن لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بێتە ئاراوە.
 
شرۆڤەکاران و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا راوێژکارە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی دانووستاندنەکانی نێوان دوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەڵێن دەرفەتێکی گەورەی سازکردن لە نێوانیاندا هەیە. 
 
ریچارد برۆنز، شرۆڤەکاری وزە سەر بە کۆمپانیای ئەسپێک ئێنێرجی دەڵێت، پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی باشە و تەنانەت پێش راگەیاندنی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی، دانوستاندن لە نێوان دوو حکومەتدا هەبووە لەسەر ئەو بابەتە.
 
ریچارد دەڵێت، زووتر لەو کاتەی کە پێشبینی دەکرێت، دەرفەتی رێککەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە و ئەگەری هەیە هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە بەمزووانە دەستپێبکاتەوە.

 

 
رۆبین میڵز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی قەمەر ئێنێرجی لەسەر دانووستاندنەکانی نێوان دوو حکومەت دەڵێت، پێشبینی دەکەن بەغدا بەرپرسیارێتیی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ و رێککەوتن لە نێوان دوو حکومەتدا بە خێرایی بە دەستبێت.
 
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن یەکێک لەو کۆمپانیانەی کە لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی شێخان کار دەکات، رایگەیاندووە کە وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکەیان بابەتێکی کاتییە و ئەوان پێیانوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت رێکدەکەون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە