رووداو دیجیتاڵ
دەیان کێڵگەی بەرهەمهێنانی گوڵ لە شاری (چیا)ی کۆلۆمبیا هەن. بەرهەمهێنەرانی گوڵی وڵاتەکە ئامادەکاری بۆ ناردنی گوڵ بۆ ئەمریکا دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کەمتر لە دوو هەفتە بۆ رۆژی ڤالانتاین ماوە.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ پاشگەزبووەتەوە لە سەپاندنی پێناسی گومرکی بە رێژەی 25٪ بەسەر ئەو وڵاتەدا، بەڵام بەرهەمهێنەرانی گوڵ لە کۆڵۆمبیا نیگەرانن.
ئاگۆستۆ سۆلانە، سەرۆکی رێکخراوی گوڵی کۆلۆمبیا لەبارەی پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە بڕیارەکەی دەڵێت، "پێم وایە هێشتا نادڵنیایی و کێشە هەیە. هیوادارم تاوەکو رۆژی ڤالانتاین کێشەکان گەورەتر نەبن. ڤالانتاین دووەم گرنگترین بازاڕی وەرزییە بۆ پیشەسازی گوڵی کۆلۆمبیا و هەر لە ئێستاوە هەناردەکردنی گوڵ بە فڕۆکە زیادیکردووە".
کۆلۆمبیا لە دوای هۆڵەندا، دووەم گەورەترین هەناردەکاری گوڵە لە جیهان و 20٪ـی بازاڕی گوڵی جیهانی بەدەستەوەیە. دوای کۆلۆمبیا، ئیکوادۆر دێت کە 12٪ـی بازاڕی گوڵی جیهانی لەدەستدایە.
بەپێی بازرگانانی گوڵ، ساڵانە بە بڕی نزیکەی 5 ملیۆن دۆلار، گوڵ لە وڵاتانی جیهانەوە و لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هاوردەی عێراق دەکرێت.
شەهد عەبدولعەزیز، بازرگانی گوڵ لە هەرێمی کوردستان لەبارەی هاوردەکردنی گوڵ باس لەوە دەکات، "ئێمە لە کۆلۆمبیا گوڵ هاوردە ناکەین، بەڵکو لە ئیکوادۆر کە دراوسێی کۆلۆمبیایە گوڵ هاوردە دەکەین. بازاڕی گوڵی ئیکوادۆر باشتر و رێکخراوترە بەراورد بە کۆلۆمبیا و سەلامەتی زیاترە. کۆمپانیاکانیش لە ئیکوادۆر باشتر و وپیشەییانەتر کاردەکەن".
بەرهەمهێنەرانی گوڵ لە کۆڵۆمبیا نیگەرانی لەدەستدانی ئەو 1.56 ملیار دۆلارەن کە ساڵانە لە رێگەی هەناردەکردنی گوڵەوە بۆ ئەمریکا دەستیان دەکەوێت.
ئاگۆستۆ سۆلانە، سەرۆکی رێکخراوی گوڵی کۆلۆمبیا لەوبارەیەوە دەڵێت، "دەبێت بەردەوام وریابین، لەبەرئەوەی شتەکان لە جیهاندا زوو گۆڕانکارییان بەسەردادێت. ئەمریکاش خەریکە هەموو یاسا و رێساکانی یارییەکە دەگۆڕێت."
کۆڵۆمبیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی تاوەکو ڤالانتاین 60 هەزار تۆن گوڵ بۆ ئەمریکا هەناردە بکات. لە وڵاتەکە 200 هەزار هەلی کار بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بە بەرهەمهێنانی گوڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ