رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە گەیشتووەتە 20 هەزار و 433 کەس.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات، تەنیا لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو 614 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
ساڵی رابردوو، لەم کاتەدا نزیکەی 19 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیبوونەوە بەریتانیا و رێژەکە بەراورد بە ئەم ساڵدا 3٪ کەمتربوو.
زۆرترین ژمارەی کۆچبەران کە لەم ساڵدا لە رۆژێکدا لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیبێتنەوە رۆژی 18ـی حوزەیران بوو، بەجۆرێک لەو رۆژەدا 882 کۆچبەر خۆیان گەیاندە بەریتانیا.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت: "کۆچبەران بە پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە"، ئاماژە بەوەش دەکات، کار دەکات بۆ ئەوەی ئاسایشی سنوورەکان بەهێزتر بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024، حکومەتی بەریتانیا بەرنامەیەکی بە ئامانجی خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ 11 وڵات راگەیاند کە لەنێویاندا عێراق هەیە.
حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت، مەبەست لەو بەرنامەیە کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاساییە لە وڵاتەکەی، کە مافی کارکردن و خوێندنیان نییە.
ئەو وڵاتانەی حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت کۆچبەرەکانی بۆ بنێرێتەوە بریتین لە؛ ئەلبانیا، بەنگلادیش، ئەسیوپیا، غانا، هیندستان، عێراق، جامایکا، نایجیریا، پاکستان، ڤیێتنام و زیمبابۆی.
حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە لە 6 مانگی داهاتوودا 14 هەزار و 500 کۆچبەر دیپۆرت بکاتەوە. بەشێکیان ئەو کۆچبەرانەن تاوانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ