رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی خۆڵبارین لە بیابانی گەورەی ئەفریقاوە گەیشتووەتە وڵاتەکەیان؛ شەپۆلەکە فەرەنسا و سویسراشی گرتووەتەوە.
رۆژی شەممە 30ی ئاداری 2024 کریستیان هێرۆلد، کەشناس لە دەزگای کەشناسی ئەڵمانیا رایگەیاند، "تۆزی بیابانی ئەفریقا گەیشتووە" و زەردبوونی ئاسمان هەستی پێدەکرێت. کەشناسیی وڵاتەکەش دەڵێت، پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە تاوەکو سبەی بەردەوام بێت.
شەپۆلی خۆڵبارینەکە سویسراشی گرتووەتەوە و لەوبارەیەوە دەزگای کەشناسیی وڵاتەکە هۆشداریی دا لە پیسبوونی هەوای باشووری رۆژئاوا تاوەکو باکووری رۆژهەڵاتی وڵات. هەروەها، رۆمان برۆگلی، کەشناس لە دەزگای کەشناسیی سویسرا رایگەیاند، لانیکەم 180 هەزار تۆن خۆڵی بیابانی ئەفریقا گەیشتووەتە وڵاتەکەیان؛ ئەمە دوو ئەوەندەی ساڵانی پێشترە.
خۆڵبارینەکە فەرەنساشی گرتووەتەوە و بەرپرسانی نێوخۆیی وڵاتەکە هۆشدارییان لەبارەی خۆڵاویبوونی هەوای بەشێک لە ناوچەکان داوە. بەرپرسانی شاری ئیرەو، کە کەوتووەتە سەر دەریای نێوەڕاست، هۆشدارییان لەبارەی راهێنان بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی خۆڵبارین بە خەڵک داوە.
بیابانی گەورەی ئەفریقا کەوتووەتە باکووری کیشوەری ئەفریقا و رووبەرەکەی چوار ملیۆن و 600 هەزار کیلۆمەتر دووجا دەبێت.
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ساڵانە 60 بۆ 200 ملیۆن تۆن خۆڵ لە بیابانی گەورەی ئەفریقاوە دەگاتە وڵاتانی جیهان. تەنۆلکە قورسەکانی خۆڵەکە زوو دەنیشن و ئەوانەی کێشیان کەمترە دەکرێت هەزاران کیلۆمەتر ببڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ