رووداو دیجیتاڵ
بە گوتنەوەی دروشمی "میر پەروەر، دەنگی ئازاد و خۆشەویستی وڵاتە" و چەندین دروشمی دیکە دژ بە دەسەڵاتی تورکیا؛ بەشێک لە کوردانی فەرەنسا ناڕەزایەتییەکانیان بردە بەردەم وەزارەتی رۆشنبیریی فەرەنسا لە پاریس.
دەزا ئامەد، هونەرمەند و هاوڕێی میر پەروەر دەڵێت، "لە 23ی کانوونی یەکەم هێرشمان کرایە سەر و میر پەروەر و دوو هاوڕێی دیکەمان کوژران. میر پەروەر گۆرانیبێژ بوو، بۆیە پێویستە لەسەر وەزارەتی رۆشنبیری دەنگی ئێمە بە حکومەت بگەیێنێت".
سەرەڕای ئەوەی هێرشبەرەکە هۆکاری هێرشەکەی بە رقوکینەی ئەو دژ بە بیانییەکان بەستەوە؛ بەڵام زۆرینەی کوردانی دیاسپۆرا، ئەو تییۆرییە رەتدەکەنەوە.
دەزا ئامەد باسی لەوەش کرد، "چەواشەکارییەک هەیە دەیەوێت وا دەریبخات کە گوایە هێرشبەرەکە کەسێکی تووڕە بووە، نەخێر ئەوە راست نییە. ئێمە دوژمنی خۆمان دەناسین و دەشزانین چۆن بیر دەکاتەوە و چۆنیش دەجووڵێتەوە. ئەوەی کە کرا تیرۆری دەوڵەتی تورکیا بوو و هەر ئەو تیرۆرەیە کە ئێمە لێرە دەکوژێت".
لە دوای هێرشەکە، تووڕەیی کورد بۆ خۆپێشاندان و رێپێوانی گەورەی کوردی دانیشتووانی فەرەنسا گۆڕدرا و لە بە شێك لە رێپێوانەکان چەند بەرپرسێكی فەرەنسی بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بەشدارییان کرد. تورکیا دژ بەو هەنگاوەی فەرەنسا وەستایەوە و وەزارەتی دەرەوەی لە رۆژی 26ی ئەم مانگە باڵیۆزی فەرەنسای بانگهێشتکرد و سەرکۆنەی ئەو بەرپرسە فەرەنسییانەی کرد.
حکومەتی فەرەنساش بەڵێنی داوە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی پاریس، زیاتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ