کۆمپانیای بووم لەڕێگەی فڕۆکەی سووپەرسۆنیکەوە گەشتە ئاسمانییەکان دووهێندە خێرا دەکات

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆمپانیای بووم بەنیازە یەکەم گەشتی راستەقینەی لە ساڵی 2029 بە گەشتیاران بکات
کۆمپانیای بووم بەنیازە یەکەم گەشتی راستەقینەی لە ساڵی 2029 بە گەشتیاران بکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیایەک بەنیازە گەشتی ئاسمانی بەراورد بە فڕۆکەی دیکە دووهێندە خێرا بکات، ئەویش لەڕێگەی فڕۆکەی بووم سوپەر سۆنیکەوە.
 
فڕۆکەی کۆنکۆرد لە ساڵی 2003 کۆتایی بە گەشتەکانی هێنا، بە گەشتێکی بازرگانی کە مەودای نێوان لەندەن و نیویۆرکی بە کەمتر لە سێ کاژێر بڕی.
 
ئێستا کۆمپانیایەکی دیکە بەنیازە ئەزموونی کۆنکۆرد دووبارە بکاتەوە و، گەشتی ئاسمانی بەراورد بە فڕۆکەی دیکە، دووهێندە خێرا بکات. 
 
بلەیک شووڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بووم سوپەر سۆنیک لەبارەی ئەو فڕۆکەیەوە دەڵێ "بزووێنەرەکەیمان زۆر پێشخستووە. سیستمێکمان داناوە بە ناوی سیمفۆنی و بەنیازین لە ماوەی 18 مانگی داهاتوودا، گەشتێک بۆ تاقیکردنەوە بکەین. دەمانەوێ بزانین لە هەموو روویەکەوە تاوەکو چەند بە خێرایی دەتوانین گەشتەکە بکەین."
 
کۆمپانیای بووم بەنیازە یەکەم گەشتی راستەقینەی لە ساڵی 2029 بە گەشتیاران بکات، تاوەکو ئێستاش 100 داواکاری بۆ هاتووە بۆ کڕینی فڕۆکەکەی لەلایەن هێڵە ئاسمانییەکانەوە.
 
بلەیک شووڵز دەڵێ "هەندێ لە هێڵە ئاسمانییەکان هەر لە ئێستاوە داوای کڕینی ئەو فڕۆکەیەیان پێشکێش کردووە، لەوانەش هێڵی ئاسمانیی یونایتد، هێڵی ئاسمانیی ئەمریکا، هێڵی ئاسمانیی ژاپۆن. کاتێک لەگەڵ گەشتیاران قسە دەکەین، هەموویان دەڵێن دەیانەوێت گەشتەکەیان بەخێرایی بکرێت."
 
بەپێچەوانەی کۆنکۆرد، لە فڕۆکەی بووم سوپەرسۆنیک دا فڕۆکەوان لە رێگەی ڤێرچواڵەوە رێڕەوی فڕۆکەخانە دەبینێت و ئاسانتر دەتوانێت بفڕێت.
 
پاول بیڤەر، شارەزای پیشەسازیی فڕۆکەوانی دەڵێ "ئەگەر ئەو گەشتە لە 5 ساڵی داهاتوودا بکرێت، من لەنێوان ئەو کەسانەم کە لە فڕۆکەخانەکاندا بە چەپڵەرێزانەوە پێشوازی لێدەکەم. لەبیرمە هەرواش بوو، کاتێک کۆنکۆرد لە ساڵی 1970 گەشتەکەی دەستپێکرد، هەموو کەسێک دەیانگوت ئەوە داهاتووی کەرتی فڕۆکەوانییە."
 
کۆمپانیای بووم دەڵێت، فڕۆکەکەی بەخێرایی 2000 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەفڕێت و، دەتوانێت 64 تاوەکو 80 گەشتیار هەڵبگرێت، هەروەها لە یەکجار گەشتکردندا 6 هەزار و 800 کیلۆمەتر ببڕێت.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە