رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە مێریلاند و لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی باسی هەنگاوەکانی داهاتوو لە ژیانی سیاسییدا دەکات، بەتایبەت بەردەوامبوون لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و بەربژێریی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا یان کشانەوە لێی.
بایدن و جیلیی هاوژینی و کوڕ و کچەکانیان ئەمڕۆ لە مێریلاندن و بڕیارە چەند رۆژێک پشوو بدەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێکەوە باس لە ئایندەی سیاسیی بایدن دەکەن، ئەوەش دوای ئەو ئاستەی بەرامبەر دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتییدا پێشانیدا.
تاوتوێکردنی بابەتەکە لەکاتێكدایە، ئاستی بایدن لە دیبەیتەکەدا نیگەرانی لای بەشێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکرات دروستکردووە. هەندێکیان لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا لەگەڵ یەکدی جەختیان لەوە کردوەتەوە کە باشتر وایە بایدن بکشێتەوە و کەسێکی دیکە بۆ بوون بە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا دیاری بکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی پارتەکە پشتگیریی خۆیان بۆ بایدن دەربڕیوە، لەوانەش باراک ئۆباما و بیل کلینتن، سەرۆکانی پێشووتری ئەمریکا و نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
دوای دیبەیتەکەی رۆژی پێنجشەممە، راپرسییەک کرا و 67٪ـی بینەرانی پێیانوابوو ترەمپ سەرکەوتوو بووە، ئەوەش دوای ئەوە هات بایدن چەند جارێک لە دیبەیتەکەدا قسەی پێنەکرا و دەنگی بە جوانی دەرنەدەهات.
دوای دیبەتەکە، بایدنی تەمەن 81 ساڵ رایگەیاند، چەند رۆژێک پێش دیبەیتەکە سەرمای بووە و قوڕگی ئەستوور بووە. ئاماژەشی بەوە کرد: "رەنگە وەک جاران بە جوانی نەتوانم بە رێگەدا بڕۆم و بە پاراوی قسە بکەم، بەڵام دەزانم راستگۆیانە قسە بکەم، بەردەوامیش دەبم لە کارەکەم و دڵنیام ئەمجارەش سەرکەوتوو دەبم".
هەرچەندە بایدن دەنگی نوێنەرانی پارتەکەی لە ویلایەتەکان بردووەتەوە بۆ بوون بە بەربژێری پارتەکەی، بەڵام تاوەکو رۆژی کۆنگرەی دیموکراتەکان کە بڕیارە لە 19 تاوەکو 22ـی ئاب لە شاری شیکاگۆ بەڕێوەبچێت، وەک بەربژێری فەرمی پارتەکە ناناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ