رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، پێویستە پلاتفۆڕمە گەورەکانی سۆشیاڵ میدیا، وەک تیکتۆک و سناپچات لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسا هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردنیان هەبێت بۆ نەهێشتنی ئەو نائارامییەی چەند رۆژێکە شارە جیاوازەکانی فەرەنسای گرتووەتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی هەینی، 30-6-2023، لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی حکومەتی فەرەنسادا رایگەیاند، "پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا رۆڵێکی گەورەیان لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوودا گێڕاوە".
ماکرۆن گوتی، بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیی "ئاژاوەگێڕان" دەدەن بۆ ئەوەی لە دەوری یەک کۆببنەوە؛ لە هەمان کاتدا سۆشیاڵ میدیا هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەندێک لە گەنجان سەیری مامەڵەی خەڵکی دیکە بکەن و لاساییان بکەنەوە. سەرۆکی فەرەنسا لەو بارەوە گوتی، "هەندێک لە گەنجەکان بەو جۆرە دەردەکەون کە دیمەنی یاریە ڤیدیۆییەکان لە شەقامەکان دووبارە دەکەنەوە؛ ئەو یاریە ڤدییۆییانەی کە ژیانی ژەهراوی کردوون".
ماکرۆن لەبارەی هەنگاوەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ شارەکانی فەرەنسا قسەی کرد و گوتی، حکومەت لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو تۆڕانە بەشێک لە نێوەڕۆکەکانیان لاببەن کە ئەو بە "زۆر هەستیار" ناوی بردن.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی وڵاتەکەی داوا لە کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات بۆ ئەوەی زانیاری تەواو لەبارەی ئەو کەسانە بدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەرەنسا کە "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی رێز لە یاسا نەگیرێت و تووندوتیژی بەکاربهێندرێت".
ئەم گوتەیەی سەرۆکی فەرەنسا لە کاتێکدایە، سێ رۆژە خۆپێشاندانی بەرفراوان بەشێک لە شارەکانی فەرەنسای گرتوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 27ی مانگ مێرمنداڵێکی نایجیری لە لایەن پۆلیسی فەرەنساوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
کاردانەوەی مەرگی ئەو مێرمنداڵە بووەتە هۆی سووتاندنی نزیکەی 2 هەزار ئۆتۆمبێل و 500 باڵەخانە و بریندارکردنی نزیکەی 250 پۆلیس لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە. حکومەتی فەرەنسا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە 40 هەزار پۆلیسی لە سەرانسەری وڵات خستوەتە ئامادەباشییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ