رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا بۆی نییە کۆچبەران بنێرێتە رواندا، ئەمە بڕیاری ئەم هەفتەیەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە بڕیارەکەدا دەرگە بە کراوەیی هێڵدراوەتەوە کە کۆچبەر بنێردرێنە وڵاتێکی دیکە.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا پلانەکانی حکومەتی بەریتانیای بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بە نایاسایی لەقەڵەمدا. بەمەش تاوەکو ماوەیەکی دیکە کۆچبەران نانێردرێنە رواندا. ئەم بڕیارە حوکمێکی دادگەی باڵای بەریتانیا بەتاڵ دەکاتەوە کە مانگی 12ی ساڵی رابردوو بڕیاریدابوو رێککەوتنی نێوان بەریتانیا و رواندا تەواوە و لەڕووی یاساییەوە کێشەی نییە.
بەپێی رێککەوتنەکە؛ دەبوایە بەریتانیا کۆچبەران بنێرێتە رواندا و لەبەرامبەریشدا ئەو وڵاتە 140 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی لە لەندەن وەربگرێت.
لە بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیادا هاتووە کە سیستمی کۆچبەریی رواندا کێشەی هەیە و ناکرێت کۆچبەران لە بەریتانیا رادەستی ئەو سیستمە خراپە بکرێن. هەر لە بڕیارەکەدا هاتووە کە دەکرێت حکومەتی بەریتانیا کۆچبەران بباتە وڵاتێکی دیکە کە ئاسایشی تێدابێت، بەڵام بۆ رواندا نا.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی حکومەتی بەریتانیا، هەر کۆچبەرێک رەوانەی رواندا بکرێت، وەکو یەکەم هەنگاو زیاتر لە 133 هەزار دۆلار دەدرێت بە رواندا بۆ ئەوەی وەریانبگرێت، هەروەها 28 هەزار دۆلار بۆ کرێی فڕۆکەکەی، 22 هەزار دۆلار خەرجیی پرۆسەی یاسایی هەر کۆچبەرێک دەبێت، کە لە بەریتانیاوە دەگوازرێتەوە بۆ رواندا.
لە کۆتا مانگی ساڵی رابردوودا، دادگەی باڵای لەندەن بڕیاری یاساییبوونی پلانی ناردنی کۆچبەرانی لەلایەن بەریتانیاوە بۆ رواندا دا، بەڵام بڕیاری دادگەی لەندەن لەلایەن بەشێکی زۆری رێکخراوەکانی کۆچبەرانی وڵاتانی وەکو سووریا، عێراق، سوودان، ئێران و ڤێتنامەوە تانەی لێدراوە کە دژی مافەکانی کۆچبەرانە.
بەپێی ئاماری کۆچبەرانی بەریتانیا، تەنیا لە ساڵی 2022، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە فەرەنساوە لە رێگەی بەلەمەوە لە نۆکەندی ئینگلیزی خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ