رووداو دیجیتاڵ
کێشەکەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا)، تەنیا دواکەوتنی دروستکردنی رۆکێتی ستارشپی سپەیس ئێکس یان کەشتییە ئاسمانییەکەی بلوو ئۆریجن نییە بۆ چوونە سەر مانگ، بەڵکو کێشەیەکی زۆر گەورەتر لە ئارادایە.
پرۆسەیەکی ئاڵۆز بۆ چوونە سەر مانگ
بۆ ئەوەی کەشتییە زەبەلاحەکەی ستارشپ بتوانێت ئاسمانەوانەکان بباتە سەر مانگ و بیانگەڕێنێتەوە، پێویستی بە بڕێکی زۆر سووتەمەنییە.
کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، پێویستە لە 8 رۆژدا لانیکەم 15 جار مووشەک رەوانەی ئاسمان بکات بۆ ئەوەی تانکیی سووتەمەنیی کەشتییەکە لە بۆشایی ئاسماندا پڕبکاتەوە. دەبێت ئەو سووتەمەنییە بگوازرێتەوە بۆ نێو ئەو کەشتییەی ئاسمانەوانەکانی تێدایە، بەر لەوەی بەرەو رووی مانگ بڕوات.
ئەمە کارێکی زۆر قورسە بۆ کۆمپانیاکە تاوەکو بۆ ساڵی 2028 ئامادەی بکات، کە یەکەمین هەوڵی ناردنی مرۆڤە بۆسەر مانگ لە ساڵی 1972ـەوە، چونکە سپەیس ئێکس هێشتا نەیتوانیوە تەنانەت جارێکیش بە سەلامەتی رۆکێتەکەی هەڵبدات و بینیشێنێتەوە، چ جای ئەوەی بەو خێراییە زۆرە چەندین جار ئەو کارە دووبارە بکاتەوە.
بەڵام کێشە گەورەکە چییە؟
بەپێی راپۆرتێکی نوێی ئۆفیسی پشکنەری گشتیی ناسا (OIG)، ژێرخانی ئاژانسەکە زۆر کۆن بووە و توانای جێبەجێکردنی ئەو هەموو داواکارییە زۆرەی نییە کە ئێستا لەسەریەتی.
بەهۆی زۆربوونی هەڵدانی رۆکێتی بازرگانی، گوشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر سەکۆکانی هەڵدان لە ناوەندی کێنەدی لە فلۆریدا و ناوەندی واڵۆپس لە ڤێرجینیا. راپۆرتەکە دەڵێ، ئەم رۆکێتە زەبەلاحە نوێیانە پێویستیان بە سەکۆی نوێیە، بەڵام دروستکردنی سەکۆی نوێ زۆر قورسە، چونکە جێگە کەمە و پێویستی بە کات و پارەیەکی یەکجار زۆریش هەیە.
ژێرخانێکی داڕماو
کێشەکان تەنیا سەکۆ نین. راپۆرتەکە دەڵێ، تۆڕی کارەبای ناوەندەکان زۆر کۆن بوون و لە تەمەنی ئاسایی خۆیان زیاتر بەکارهێنراون.
هەروەها سیستمی دابینکردنی پێکهاتەکانی سووتەمەنی (وەک نایترۆجین و هیلیۆم) دەکرێ ببێتەهۆی دواکەوتنی کارەکان. تەنانەت رێگەوبانەکانی دەوروبەری ناوەندی کێنەدیش بۆ ئەوە دروستنەکراون کە بەرگەی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە قورسانە بگرن کە ئێستا هاتووچۆی پێدا دەکەن. کەمبوونەوەی بودجەش وایکردووە ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن و دۆخەکە خراپتر بێت.
هەمووان شوێنیان دەوێ
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە، حکومەتی ئەمریکا رێگەی بە سپەیس ئێکس داوە رۆکێتەکەی لە سەکۆی 39Aهەڵبدات، کە هەمان ئەو سەکۆ مێژووییەیە کە لە ساڵانی شەستەکاندا بۆ پرۆگرامی ئەپۆلۆ بەکارهات. سپەیس ئێکس دەیەوێ ئەم شوێنە زۆر گەورەتر بکات بۆ رۆکێتە زەبەلاحەکەی.
لەلایەکی دیکەشەوە، کۆمپانیای بلوو ئۆریجنـی جێف بێزۆس، کە ناسا هەڵیبژاردووە بۆ دروستکردنی کەشتییەکی دیکە بۆ چوونە سەر مانگ، ئەویش پێویستی بە شوێنێکی زۆر و فراوانە بۆ هەڵدانی رۆکێتەکەی بەناوی نیو گلێن، کە ئەمەش کێشەی نەبوونی شوێن زیاتر دەکات.
راپۆرتەکە دەڵێ، ناسا و کۆمپانیاکانی دەبێت گۆڕانکاریی زۆر گەورە بکەن ئەگەر بیانەوێ پرۆگرامی چوونە سەر مانگ (ئارتێمیس) لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکەن. بەڵام ئەمە هیوایەکی ئەوتۆ نادات بەدەستەوە، بەتایبەتی کاتێک دەزانین کە هەر لە ئێستاوە دروستکردنی رۆکێتەکانی ستارشپ و نیو گلێن رووبەڕووی دواکەوتنی زۆر و شکستهێنانی تاقیکردنەوەکان بوونەتەوە.



.webp&w=3840&q=75)