رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە کۆچبەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا گەیشتنە بەندەری سالێرنۆ لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیتاڵیا. چوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا بووەتە قەیرانێکی گەورەی کیشوەرەکە.
دیمیتریس کارادیس، وەزیری نوێی کۆچبەرانی یۆنان دەڵێت: "لەو بڕوایەدام دەبێت پێداگری لەسەر سیاسەتی تووند، بەڵام دادپەروەرانە بکەین و لە هەمان کاتدا سیاسەتی تێکەڵکردن بەهێز بکەین، تەماشای پرسەکانی کۆچی یاسایی و روانگە نێودەوڵەتییەکەی وڵات و چارەسەرە ئەوروپییەکان بکەین."
رۆژانی 28 تاوەکو 30ی ئەم مانگە، لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل لەسەر چەند پرسێک بەڕێوەدەچێت و قەیرانی کۆچبەران پرسێکی سەرەکی لووتکەکە دەبێت و تێیدا بڕیار دەدرێت لەسەر ئەو میکانیزمە نوێیەی کە بۆ کۆچبەران دیاریکراوە.
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە 87 هەزار و 900 کۆچبەر لە رێگەی وشکایی و دەریاوە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە کە زۆربەیان خەڵکی کۆدیڤوارن. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە 1,997 کۆچبەر لە رێگەی گەیشتنیان بە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە ساڵی 2014ەوە بۆ 2022، لانیکەم 54,125 کۆچبەر لە رێگەی کۆچدا گیانیان لەدەستداوە.
پیتر فیالا، سەرۆکوەزیرانی چیک گوتی، "ئێمە هەموومان کۆکین لەوەی کە سەرنجمان لەسەر سیاسەتی گەڕاندنەوە و پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانمان بێت، هەروەها ئەوە گرنگە هاوئاهەنگییەکانمان پتەوتر بکەین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئەو کۆچبەرانە لێوەی دێن."
بەڕێوەچوونی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا هاوکاتە لەگەڵ ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک یۆنان بە نزیکەی 750 سەرنشینەوە کە تاوەکو ئێستا چارەنووسی نزیکەی 500 کەسیان دیار نییە و تەنیا 104 کەسیان رزگارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ