رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، کار لەسەر داڕشتنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ تێپەڕبوونی کاڵا بنەڕەتییەکان لە تەنگەی هورمز. ئەم هەوڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە ئێران ناوی 45 نەوتهەڵگری سعوودی و ئیماراتی خستووەتە "لیستی رەش" و گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە لووتکە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، رێکخراوەکەیان کار لەسەر میکانیزمێکی "کردەیی و کاتی" دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان و پاراستنی شاڕێیەکانی بازرگانیی جیهانی لە تەنگەی هورمز. تیمی تایبەت لە مانگی ئاداری رابردووەوە بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراون و نووسینگەی (یۆنۆپس) سەرپەرشتییان دەکات.
هەنگاوی یەکەم؛ گواستنەوەی پەین و کەرەستە خاوەکان
گۆتێرێز ئاماژەی بەوە کرد، ئەم میکانیزمە سەرەتا تەنیا جەخت لەسەر گواستنەوەی پەینی کیمیایی و کەرەستە خاوەکان دەکاتەوە، بەڵام توانای فراوانبوونی هەیە. سکرتێری گشتی گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن کار دەکات و ئەم پڕۆژەیە دەستکاریی سەروەریی هیچ وڵاتێک ناکات، بەڵکو ئامانج لێی کەمکردنەوەی مەترسییەکان و گێڕانەوەی متمانەیە."
ئامانج لە میکانیزمە نوێیەکە
بە گوتەی گۆتێرێز، ئامانجی ئەم هەنگاوە سادەیە: "کەمکردنەوەی مەترسییە دەستبەجێیەکان، پاڵپشتیکردنی تێپەڕبوونی رێکخراوی کەشتییەکان و یارمەتیدان لە دووبارە بنیادنانەوەی ئەو متمانەیەی کە بۆ دیپلۆماسی و هێورکردنەوەی دۆخەکە پێویستە." جەختیشی کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە دەتوانرێت زۆر بە خێرایی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سکرتێری گشتی گوتیشی: "پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم هەوڵە هاندەرن، بەتایبەتی لەلایەن ئەو وڵاتە بێدەسەڵاتانەی کە باش تێدەگەن پەککەوتنی شاڕێیە دەریاییەکان چ مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژیانیان هەیە."
گۆتێرێز داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کە بە شێوەیەکی جیدی و بونیاتنەرانە بێنە ناو گفتوگۆکان و گوتی: "ئەوەی ئێستا پێویستە، هاوکاری و ئیرادەی سیاسیی لایەنەکانە. ئەم میکانیزمە جێگرەوەی گێڕانەوەی تەواوەتیی ماف و ئازادییەکانی دەریاوانی نییە، هەروەها جێگەی ئەو چارەسەرە سیاسییانەش ناگرێتەوە کە بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیانە پێویستن؛ بەڵام هەنگاوێکی کردەیی یەکەمە."
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز هۆشداری دا کە بژاردەی پێچەوانەی ئەم هەوڵە، تەنیا بەردەوامیی پەککەوتن، قووڵبوونەوەی بێ متمانەیی و زیادبوونی نەهامەتییە بۆ خەڵکانی ناوچەکە و جیهان. ئەو دووپاتی کردەوە کە ئازادیی دەریاوانی کۆڵەکەی سەرەکیی ئاشتی، یەکگرتوویی و خۆشگوزەرانیی هاوبەشە و پاراستنی ئەم مافە ئەرکێکی یاسایی و مرۆییە.
ئێران 45 نەوتهەڵگری خستە "لیستی رەش"
ئەم پێشنیازەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی تووندی تاران؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ناوی 45 نەوتهەڵگری خستووەتە لیستی رەشەوە.
"دەسەڵاتی تەنگەی کەنداوی فارسی" کە دامەزراوەیەکی نوێی ئێرانە، هۆشداری داوە هەر کەشتییەک لەو لیستەدا بێت، رووبەڕووی دەستبەسەرکردن و زەوتکردنی بارەکەی دەبێتەوە.
لە نێو ئەو کەشتییانەی ئێران سزای داون، چەندین نەوتهەڵگری زەبەلاحی کۆمپانیای "ئادنۆک"ی ئیماراتی و کۆمپانیای "بەحری" سعودی دەبینرێن. تاران هۆشداری دەدات کە هەر کەشتییەک هاوکاریی ئەم 45 نەوتهەڵگرە بکات، ئەویش دەخرێتە لیستی رەشەوە.
تەنگەی هورمز کە دەکەوێتە نێوان ئێران، عومان و ئیمارات، بە "شاخوێنی ئابووریی جیهان" دادەنرێت. پێش هەڵگیرسانی جەنگ، نزیکەی 20%ـی نەوتی خاو و گازی سرووشتیی جیهانی پێدا تێدەپەڕی. هەر پەککەوتنێک لەم رێڕەوەدا، راستەوخۆ دەبێتە هۆی شڵەژانی بازاڕە داراییەکان و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی لە سەرانسەری جیهاندا.
ململانێی واشنتن و تاران
پەرەسەندنەکان لە کاتێکدان، واشنتن هەڕەشەی سەپاندنی "توندترین سزای مێژوویی" بەسەر ئێراندا دەکات و گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستووەتە سەر ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە. لە بەرامبەردا، ئێران هۆشداری دەدات کە وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی ئەمریکا "وێرانکەر" دەبێت.
گۆتێرێز داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە بە ئیرادەیەکی سیاسییەوە بێنە ناو گفتوگۆکان و جەختی کردەوە کە "ئازادیی دەریاوانی کۆڵەکەی سەرەکیی ئاشتی و خۆشگوزەرانیی جیهانییە."


