کۆنگرەی دیاسپۆرای کوردانی سۆڤیەتی پێشوو لە کرگیزستان؛ 'گرنگە زمانی کوردی بپارێزرێت'

29-03-2024
کامیز شەدادی
کۆنگرەی دیاسپۆرای کوردانی سۆڤیەتی پێشوو لە کیرگستان.
کۆنگرەی دیاسپۆرای کوردانی سۆڤیەتی پێشوو لە کیرگستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرانی دیاسپۆرای کوردانی سۆڤیەتی پێشوو لە بیشکێکی پایتەختی کیرگستان کۆبوونەوە. باسیان لە گرنگیی پاراستنی زمانی کوردی کرد. 
 
پێنجەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کۆمەڵەی کورد لەژێر ئاڵاکانی کوردستان و کیرگستاندا بەڕێوەچوو. 
 
بەڕێوەبەر و نوێنەرانی کۆمەڵە کوردییەکانی کازاخستان، کیرگستان، ئەرمینیا و جۆرجیا کێشە سەرەکییەکانی دیاسپۆرایان خستە سەر مێزی گفتوگۆ. 
 
رەمەزان سەعیدۆڤ، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردی بە رووداوی گوت: "ئەو کارانەی فیدراسیۆنەکە لە ساڵانی رابردوودا کردوونی و ئەو کارانەی لە داهاتوودا دەکرێن، باسکران. تاوتوێی چوار پێنج خاڵ کرا. بۆ نموونە بڕیار درا، لە هەر کۆمارێک کە کوردی لێ دەژی، پاڵپشتیکردنی گەنجان بکرێت. ئەوەی دیکە، بەم دواییە دەبینین کە کوردانی ئازەربایجان، کوردانی کوردستانی سوور دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. ئەم ساڵ، لەدوای چەند ساڵێک بۆ یەکەم جار کوردانی ئازەربایجان نەورۆزیان پیرۆز کرد. بڕیارمان دا بۆ کوردانی ئازەربایجان لەو رووەوە هزر و بیرمان تۆکمە بکەین." 
 
ژمارەی ژنان لە کۆنگرەکەدا کەمیش بێت، لە بڕیاردان لە رۆژەڤ سەنگیان دیارە. 
 
مەدینە میرزۆیێڤا، جێگری سەرۆکی وەقفی کنیاز میرزۆیێڤ گوتی: "یەکێک لەو پرسانەی لە کۆنگرەکەدا باس کرا، ئەوە بوو کە پێویستە ماڵباتەکان کچەکانیان بنێرنە قوتابخانە. بۆچی دەڵێن 'زمانی دایک' ناڵێن 'زمانی باوک'؟ بۆیە پێویستە دایک لە ماڵەوە بە زمانی کوردی لەگەڵ منداڵەکانی قسە بکات، کولتوور و نەریت هەمووی لە دایکەوە دەستپێدەکات. هیوادارم هەموو خێزانێک بیر لەوە بکاتەوە. شتێکی دیکەش هاوسەرگیرییە، نامەوێ ببمە نەتەوەپەرست، بەڵام دەمەوێت هەموو کەسێک هاوسەرگیریی لەگەڵ میللەتی خۆی بکات، بۆ ئەوەی زمان ون نەبێت." 
 
کوردانی کیرگستان و کازاخستان بەتەواوی قوربانیی سیاسەتی راگواستنی زۆرەملێی یەکێتیی سۆڤیەتن. یەکێک لە خاڵەکانی رۆژەڤی کۆنگرەکە مژاری قەرەبووکردنەوەی ستەمی راگواستنی زۆرەملێی سەر کوردان بوو. 
 
ئیبراهیم فلیت، جێگیر سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کورد گوتی: "کەسە نزیکەکانمان راگوێزرابوون و منداڵەکانیان کە تاوەکو ساڵی 1956 لەدایکبوون، ئێمە داوای بڕینەوەی خانەنشینبوونیان بۆ دەکەین. بۆ ئەوەش لیژنەیەکی پارێزەران و یاساناسان لەسەر ئەو پرسە کار بکەن و، دانوستاندێک لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا بکرێت." 
 
هاوکات، عەلائەدین موستەفایێڤ، یاریدەدەری سەرۆکی کۆمەڵەی بەربانگ ئاماژەی بەوە کرد، "کێشە سۆڤیەتی پێشووە، کێشەی کولتوورە، کێشەی زمانە، ئێمە زمانی خۆمان لەبیر دەکەین. زمانی خۆمان نازانین، کێشەیەکی دیکە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە یەکگرتوو نین، کورد پێویستی بە یەکگرتوویی یە. هەرکاتێک یەکگرتوویی هەبێت، کێشەکان نامێنن.. کۆنگرە دەتوانێت ئەو کارە بکات." 
 
ماوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە رۆژێک بوو و هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرایەتی لە ئەجێندای کۆبوونەوەکاندا نەبوو. لەنێو بڕیارە پەسندکراوەکانیشدا، ئامادەکردنی کتێبی فێربوون بۆ منداڵان و کارکردن لەسەر مافی وەرگرتنەوەی قەرەبووی راگواستنی زۆرەملێ بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.