رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، سەرکۆنەی هەر تووندوتیژییەک دەکەن کە دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل، "هەر کوژرانێکی خۆپێشاندەران پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت."
"کورد لە ئێران مافی نییە" بۆ یەکەم جار لەناو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن بەرپرسێکی فەرمییەوە ئەو قسەیە دەکرێت. راستییەک نەک تەنیا لە وەڵامی پرسیاری رووداو، بەڵکو لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی فەرمی بە بەڵگە و زانیارییەوە ئاماژەی پێدەکات.
جاوید رەحمان، لێکۆڵەرەوەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی رووداودا رایگەیاند، "کورد لە مێژوودا و لە ئێستاشدا مافە بنەڕەتییەکانیان پێنەدراوە. کورد لە ئێران زۆر مافیان لێسەندراوەتەوە لەوانە مافی ناسنامە، مافی زمان، مافی بوونی نوێنەرایەتیی خۆیان و، مافی ئازادیی دەربڕین. لەبەر ئەوەیە لە پارێزگا کوردییەکانی خۆپێشاندانی زۆر هەن."
هەروەها ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپێشاندەران لە ئێران.
راستە راپۆرتەکانی ئەو لێکۆڵەرە قورسایی خۆیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتی کاریگەریی راپۆرتی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ناگاتە نیوەی کاریگەریی هەڵوێستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی ڤیتۆی رووسیا ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لە دژی ئێران بنێت، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە هیچ نەبێت بەڕوونی سەرکۆنەی کوشتنی سیستەماتیکی سەدان کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکات.
بەڵام فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا داوای ئەوە دەکات کە هێزی زیادە لە دژی خۆپێشاندەران بەکارنەهێنرێت بە مانایەکی دیکە هێز بەکاربێنە، بەڵام زۆر نا. بێ ئەوەی روونی بکاتەوە تا چەنێک حکومەتی ئێران بۆی هەیە هێز لە دژی خۆپێشاندەری بێ چەک و بێ دەسەڵات بەکاربێنێت.
جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە نیگەرانی ئەو راپۆرتانەین لەبارەی بەکارهێنانی بەردەوامی هێزی لە زیادە پێویست هەن و ئێمە داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە هێزی زیادە لە پێویست بەکارنەهێنن بۆ ئەوەی قوربانی زیاتر نەبێت."
فەرهان هەق لەبارەی تووندوتیژی دژی خۆپێشاندەرانی ئێران دەڵێت، "ئێمە سەرکۆنەی هەر تووندوتیژییەک دەکەین کە دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل.. خەڵکی سڤیل ئاشتییانە خۆپێشاندان دەکەن، نابێت ئەوە رووبدات. هەر کوژرانێکی خۆپێشاندەران پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت."
هەرچەندە پێشتر لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕوونی رایگەیاند کە حکومەتی ئێران بەرپرسیارە لە کوژرانی خۆپێشاندەران، بەڵام گوتەبێژەکە بەئاشکرا ناوی ئێرانی نەهێنا و گوتی، "لێکۆڵەرەوەی تایبەت بەپێی دەسەڵاتی خۆی قسە دەکات و مافی خۆیەتی ئەوە بکات. من هەڵوێستی خۆمانم راگەیاند."
سەرچاوەیەکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری پشت ئەو بێدەنگییەی رێکخراوەکە بەرامبەر بە ئێران، ئەوەیە کە بۆ بابەتی ئاگربەست لە یەمەن پێویستیان بە تارانە.
.jpg&w=3840&q=75)

