رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بەشێکی کاریگەری گەمارۆکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران ئاشکراکرد و رایگەیاند، ئێستا هیچ کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە تێرمیناڵی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە دوورگەی خارک نابینرێت، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر ئەو تێرمیناڵە پڕ بوو لە کەشتی.
رۆژی پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، سکۆت بێسێنت لە ئێکس رایگەیاند، "دوورگەی خارک وەک سەرەکیترین دەروازەی هەناردەی نەوتی ئێران، ئێستا تەنیا بووەتە هێمایەکی روون بۆ شکستی تاران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی".
بێسێنت ئاماژەی بەوەش کرد، "خۆبەزلزانی و سیاسەتی شەڕخوازیی رژێمی تاران وایکردووە هاووڵاتییانی ئاسایی ئێران باجەکەی بدەن و سزا بدرێن؛ لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە بڕینی دەماری سەرەکیی کەرتی نەوتی رژێمی ئێران".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە ئامانج لەم گەمارۆیە تووندە، "بێبەشکردنی دەسەڵاتدارانی ئێرانە لە بەدەستهێنانی داهاتی نەوت، تاوەکو نەتوانن ئەو سەرچاوانە بۆ پارەدارکردنی تیرۆر، کڕینی کەرەستە و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و دابینکردنی ژیانی شاهانە و خۆشگوزەرانی سەرکردەکانی سوپای پاسداران بەکاربهێنن".
لە ساڵی 1980ەوە ئەمریکا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و شوباتی ئەم ساڵیش بە هاوئاهەنگی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر. لە 14ی تەممووزەوە ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە، بە گوێرەی واشنتن، ئەمە بۆ رێگرییە لە توانای ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت و مامەڵەی بازرگانی لە تەنگەی هورمزەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان.



