ئەردۆغان: پێویستە هەسەدە لەژێر چەتری ئیدارەی ناوەندیی سووریادا هەڵبوەشێتەوە

28-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا پاڵپشتی هێشتنەوەی سەرچاوەکانی سووریا لە دەستی سووریا و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە لە ژێر چەتری ئیدارەی ناوەندیی سووریادا دەکات. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئاداری 2025، بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسەی کرد. هەردوو سەرکردە پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
 
بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان ئاماژەی بە یەکپارچەیی خاکی سووریا کرد و رایگەیاند، بۆ ئاشتیی هەمیشەیی گرنگە تورکیا و رووسیا پێکەوە کاربکەن.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەردۆغان رایگەیاندووە هاوکاری نێوان تورکیا و رووسیا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، هەروەها تورکیا میوانداری دانوستاندنەکانی پرسی ئۆکرانیا دەکات.
 
سەبارەت بە چارەنووسی هەسەدەش، بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندووە: "پێویستە هەسەدە لەژێر چەتری ئیدارەی ناوەندیی سووریادا هەڵبوەشێتەوە."
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە هەسەدە دەبێتە بەشێک لە سوپای سووریا. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە