تابلۆى ژمارە 1ى ئۆتۆمبێلى بوداپێست دەدرێتە گەنجێکى کورد

27-12-2019
مەهدی محەممەد رواندزی
نیشانەکردن هەنگاریا
A+ A-
رووداو – رواندز

خەونى هیوا گەیشتن بوو بە سوێد، بۆ ئەمەش پاسپۆرتێکى بە ڤیزایەکى ساختەوە هەڵگرت و ملى رێگەى گرت، بەڵام لەسەر سنوورى هەنگاریا لەلایەن پۆلیسى ئەو وڵاتەوە دەستگیر کرا و خرایە بەندیخانەوە. ئەو ئێستا بووەتە فریادڕەسى چەندین کۆچبەر، لە پاى ئەو کارانەشى بۆ کۆچبەرانى کردووە، لەلایەن وەزیرى ناوخۆى ئەو وڵاتەوە دیارییەکى پێدەبەخشرێ.
 
هیوا محەممەد ئەحمەد، 35 ساڵ، لە رواندز لەدایکبووە و لە ساڵى 2007 ـەوە لە هەنگاریا دەژى. ئەو ئێستا هەنگاریا بە "وڵاتى دووەم"ى خۆى دەزانێ. دواى دەستگیرکردنى لەلایەن پۆلیسى هەنگاریاوە 99 رۆژ بەند دەکرێ، دواى ئازادبوونى، دەستبەردارى گەیشتن بە سوێد دەبێ و لەوێ داواى مافى پەنابەرى دەکات. ئێستا هیوا وەکو خۆبەخشێک کارى وەرگێڕان بۆ چەند رێکخراوێکى تایبەت بە پەنابەران دەکات. جگە لە زمانى دایک، زمانەکانى هەنگارى، عەرەبی، فارسی و تورکی دەزانێت.
 
ئەو سەرەتا لە کەمپێک گیرسایەوە، بەڵام وەک خۆى دەڵێت بەهۆى ئەو پەیوەندییە باشەى لەگەڵ ستافى ئیدارەى کەمپەکە هەیبووە، توانیویەتى بێتە دەرەوە. ئیدى لە کۆچبەرێکەوە کە بووبێتە ئەرک بەسەر شانى وڵاتێکەوە، دەبێتە کۆچبەرێکى پڕ لە کار و بەرهەم، تا دواجار لەپاى ئەو کارانەى "دیارییەکى گرانبەها"ى پێدەدرێ کە تابلۆى ژمارە (1)ى ئۆتۆمبێلە لە بوداپێستى پایتەختى هەنگاریا.
 
هیوا دەڵێت "لە 2007 کە داواى مافی پەنابەریم لەم وڵاتە کرد، بیرم لەکارى خۆبەخشى کردەوە. ئەو کەمپەى تێیدا نیشتەجێ کرابووم کردمە دەستپێکى کارەکەم و لەوێ بە خۆبەخشى کەمپەکەم خاوێن دەکردەوە و چاودێریى پەنابەرانم دەکرد و بوومە پردێک لەنێوان پەنابەران و ئیدارەی کەمپەکە، ئەوەش وایکرد پەیوەندییەکى باش لەگەڵ بەڕێوەبەرى کەمپەکە دروستبکەم کە ئافرەتێکى دڵسۆز و وەفادار بوو بەرامبەر پەنابەران".
 
هیوا مافى مانەوەى وەرگرت، ئیدى بڕیارى دا روو لە بودابێست بکات، لە چانسى هیوا ئەو ئافرەتەى کە ئیدارەى کەمپەکەى دەکرد، بووە بەرپرسى رێکخراوی خاچی سوورى هەنگارى. ساڵى 2013 جارێکى دیکە یەکدییان بینییەوە و بڕیاریان دا پێکەوە کار بکەن.
 
هیوا لەبارەی وەرگرتنی تابلۆکە بە (رووداو)ى گوت: "کارى بەردەوامی خۆبەخشیم و هاوکاریکردنى حکومەتى هەنگاریا لە کاروباری پەنابەران، واى لە وەزیری ناوخۆى ئەو وڵاتە کرد دیارییەکى رەمزیم پێ ببەخشێ".
 
مانگی رابردوو بەڕێوەچوونى کۆنفرانسێکى ئاینى لە بوداپێست، دەرفەتێکى باش بوو بۆ هیوا تا لە نزیکەوە چاوی بە پینتەر ساندۆر، وەزیری ناوخۆی هەنگاریا بکەوێ. ئەو دەڵێ: "بەرپرسی ئەو رێکخراوەى کارى لەگەڵ دەکەم، گوتى هیوا ئێستا کاتى ئەوەیە وەفادارى خۆمت نیشان بدەم بەرامبەر ئەو هەموو کارە باشانەى تۆ کردووتە بۆ وڵاتەکەمان و پەنابەران، دەمەوێت بە وەزیری ناوخۆت بناسێنم، چووین بۆ لاى و ئەویش زۆر سوپاسی کردم".
 
هیوا دەڵێت وەزیرەکە پێیگوتووە داواکاریت چییە، هیوا تەنیا یەک داواکارى هەبووە، ئەویش ئەوە بووە کاتێک کۆچبەرێکى کورد بەند دەکرێ، ئاسانکارى بۆ بکەن بچێتە لاى بۆ ئەوەى بزانێ کێشەکەى چییە و کەسە باشەکان دووربن لە کێشە.
 
بەڵام وەزیرى ناوخۆ زۆر پێداگیری کردبوو کە دیارییەکى لێوەربگرێ، هیوا دەڵێت "کە ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەى دیارییەکم بداتێ، پێیگوتم ئۆتۆمبێلت هەیە؟ گوتم بەڵێ، پەیوەندى بە پۆلیسەوە کرد و گوتى تابلۆیەکى جوانى ئۆتۆمبێلى بدەنێ. یەکسەر وەڵامیان دایەوە و گوتیان ژمارە "یەک" هەیە هى بوداپێست، دەتوانێ چوار پیتی لەسەر بنووسێ لەگەڵ ژمارە 1، منیش هەر چوار پیتی ناوی خۆم پێدان و لەگەڵ ژمارە یەکیان دانا".
 
هیوا لە رۆژى 17ى ئەم مانگە تابلۆ تازەکەى وەرگرت کە لەسەرى نووسراوە (HEWA-01) ئێستا ئۆتۆمبێلەکەی بەو تابلۆیەوە بە نێو هەنگاریادا دەسووڕێتەوە.
 
لە وڵاتانى ئەوروپا کڕین و فڕۆشتن بە تابلۆی ژمارە هەیە، نرخەکەى لە 300 دۆلارەوە دەستپێدەکات بەرەو سەرەوە، هیوا لەوبارەوە دەڵێ: "لە سیستەمى هەنگاریا، تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن ئەو ژمارانە وەربگرن کە بڕوانامەى بەرزیان هەیە لە کارکردن و خزمەتیان لە 15 ساڵ کەمتر نەبێ".
 
ساڵى 2017 لە ریفراندۆمێکدا 90%ی گەلی هەنگاریا دەنگیان بۆ ئەوە دا کە نابێ پەنابەر بێنە وڵاتەکەیان، بۆیە ئەو وڵاتە بە درێژایی 180 کم سنوورەکەى خۆی تەلبەند کردووە و زۆر بە توندی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پەناخوازانە دەکات کە روو لەو وڵاتە دەکەن.
 
هیوا باسى رەوشى پەناخوازانی کورد دەکات لە هەنگاریا و دەڵێت: "زیاتر لە 95 هاووڵاتی کوردی باشوورى کوردستان لە کەمپەکاندا گیریان خواردووە. کەمپێک هەیە لە باشوورى هەنگاریا لە نزیک سنوورى سربیایە، زیاتر لە 15 خێزانى کورد لەو کەمپە نیشتەجێن و داواى مافى پەنابەرى دەکەن، ئێستا لە بارودۆخێکى زۆر خراپدا دەژین و لەژێر چاودێرییەکی زۆر تونددان. بەهیچ شێوەیەک مافى هاتنە دەرەوەیان نییە لەو کەمپە، تاوەکو حکومەت بڕیار لەبارەى چارەنووسیان دەدات".
 
هیوا باس لەوەش دەکات کە چەند جارێک لەگەڵ نوێنەری حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا قسەی کردووە لەبارەی بارودۆخی کۆچبەرانى کورد لە نێو کەمپەکانى هەنگاریا.
 
هیوا دەڵێ بووەتە فریادڕەسى ئەو پێشمەرگە و قوتابیانەى بە مەبەستى چارەسەرکردن و خوێندن روو لەو وڵاتە دەکەن و ئاسانکارییان بۆ دەکات و خۆبەخشانە دەبێتە وەرگێڕیان.
 
هیوا گرنگى بە پرسە کولتوورییەکانیش دەدات و ئێستا خەریکى لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر شارەدێیەک لەو وڵاتە بەنێوى کورد کە پاشماوەى سەربازانی خەلافەتى عوسمانین و لە دوای رووخانی خەلافەت، لەو شوێنە ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە نیشتمانەکەی خۆیان. هیوا سەرقاڵى وەرگێڕانی دوو پەرتووکیشە بۆ کوردى کە بە زمانى هەنگارى لەبارەى کوردی نیشتەجێی هەنگاریا نووسراون.
 
 
           
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە