رووداو دیجیتاڵ
لەنوێترین راپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە 1.6% لە پێش سەرۆکی ئێستای ئەمریکایە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024، پێگەی Real Clear Politics-ی ئەمریکی، ئەنجامی راپرسییەکانی ناوەندەکانی تینک تانک و دەزگە میدیاییەکانی ئەمریکای کۆکردووەتەوە و ئەنجامی کۆکردنەوەکەشی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە بە گوێرەی تێکڕای ئەو راپرسیانە، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری سەرەکی کۆمارییەکان، 46.6%ـی دەنگەکان بە دەستدەهێنێت، جۆ بایدنیش بەربژێری سەرەکی دیموکراتەکان 45%. واتە ترەمپ بە 1.6% لە پێش بایدنەوەیە.
ئەو پێگە ئەمریکییە، سەرجەم راپرسییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە کۆکردووەتەوە و دواتر تێکڕای ئەنجامی ئەو راپرسیانەی بڵاوکردووەتەوە.
بە گوێرەی نوێترین راپرسی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، بایدن لە شەش ویلایەتی یەکلاکەرەوەدا، رێژەی دەنگەکانی بەراورد بە ترەمپ بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئەو راپرسییە لە ویلایەتی وێسکۆنسن، بایدن 1% لەپێش ترەمپە. هەروەها سەرۆکی ئەمریکا کە تەمەنی 81 ساڵە، لە هەریەک لە ویلایەتەکانی جۆرجیا، ئاریزۆنا، نیڤادا و کارۆلاینای باکوور رێژەی دەنگەکانی زیادیکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا ترەمپ لەپێشە.
لەو چوار ویلایەتە، لە میشیگن ترەمپ بەجیاوازی 2% لەپێش بایدنە، لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور بەجیاوازی 9% لەپێش بایدنەوەیە.
هەرچی راپرسییەکەی بلومبێرگە ئاماژە بەوە دەکات لە ویلایەتەکانی میشیگن و پێنسلڤێنیا، رکابەرێتییەکەی نێوان بایدن و ترەمپ سەختە و رێژەی دەنگدانی پێشبینیکراویان یەکسانە و هەردووکیان 45%یان هەیە. ئەمەش لەدوای ئەوەی مانگی رابردوو لە هەردوو ویلایەتەکە، ترەمپ لە پێش بایدنەوە بووە. بە تایبەتی لە ویلایەتی میشیگن کە خەڵکێکی زۆری بە رەچەڵەک عەرەب و موسڵمان لەو ویلایەتە دەژین و زۆربەشیان تووڕە لە هەڵوێستی ئیدارەی بایدن لەبەرامبەر جەنگی غەززە.
بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکرێن ئەمەش یەکەمجارە لەماوەی 70 ساڵی رابردوودا، کە هەمان دوو بەربژێری چوار ساڵی رابردوو، جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ