لە پەکین یەکەم بەهاری بێ خۆپارێزییە لە کۆرۆنا؛ خەڵک وێنە لەگەڵ گوڵەکان دەگرن

27-03-2024
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
بەهاری پەکین
بەهاری پەکین
نیشانەکردن پەکین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پەکین، گوڵ و خونچەی دار پشکووتن و شار بە رەنگی سرووشت رازاوەتەوە. شی چاو، خوشکە وێنەگرەکەی هێناوە تاوەکو وێنەی یادگاریی بۆ بگرێت لەنێو گوڵەکان دا.
 
شی چاو، کارمەندی فڕۆکەوانییە و لە پەکینەوە قسە بۆ رووداو دەکات، دەڵێ "بەهارەکەی پەکین زۆر زۆر جوانە. لە سەرەتای بەهاردا گوڵی شەربەتی جوان دێنە دەرەوە، بەدرێژایی رووباری لیانگ ما، هەمیشە گوڵی زۆر هەن، بۆیە کچانی گەنجی وەک ئێمە حەز دەکەین بێنە ئێرە بۆ یادگاری و وێنەی جوان.  جلی رەنگ کاڵ لەبەردەکەین بۆ وێنەگرتن لەگەڵ گوڵە پەمەییەکان."
 
هەروەها باسی ئەوە دەکات بەهار بە گوڵەکانەوە تایبەتە "گوڵی دڵخوازی من، گوڵی پەمەیی پیۆنیە، ئێستا گوڵی پشتەوەمان ئەوەیە کە پێی دەڵێن گوڵی شەربەتی و بەم زووانە گوڵی ماگنۆلیاش دەپشکوێت، گوڵی ماگنۆلیاش جوانە."
 
لە نەریتی چینییەکان؛ گوڵ واتای ژیانی نوێ، هێز و جوانی، بۆیە لای چینییەکان وەرزی بەهار وەرزی پشکووتنی گوڵەکانە و سەرنجڕاکێشە.
 
یو لینگ، ژمێریارە بەهەمان شێوە وێنە لەنێو گوڵەکان دەگرێت، ئەو دەڵێ "بەهاری پەکین گەیشت گوڵەکانیش هاتوونەتە دەرەوە، بۆیە زۆربەی کچان حەز دەکەن بێنە ئێرە بۆ وێنەگرتن، بەدرێژایی کەناری رووبارەکە گوڵە، گوڵی شەربەتی لە کەنار رووبارەکە زۆر جوانن."
 
لە چین، ئەمە یەکەم بەهاری بێ رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنایە. بۆیە خەڵک بە دەرفەتیان زانیوە بڕژێنە کەنار رووبارەکان و کاتی خۆش بەڕێبکەن.
 
زیاتر لە 100 رووبار و 30 دەریاچە لە پەکین هەن، کەناری رووباری "لیانگ ما" ناسراوترین شوێنە لە پەکین بۆ گوڵی بەهارە.
 
شی یو، فۆتۆگرافەرە و باسی ئەوە دەکات "من فۆتۆگرافەرم، لەم دواییانەدا زۆرێک لە ئەپەکان بڵاویان کردووەتەوە کە گوڵی رووباری لیانگ ما دەرکەوتوون، بۆیە خوشکەکەم هێناومی بۆ ئێرە بۆ ئەوەی چەند وێنەیەک بگرین، هەردووکمان حەزمان لە جوانییە، حەزم لە گوڵی پەمەییە ئێستا کاتیەتی و بەهارە، پێشبینی دەکەم زۆربەی خەڵک حەزی لە رەنگی پەمەیی و تازە بێت، گوڵەکان سەرسوڕهێنەرن، دواجار بەهارە."
 
لە چین نزیکەی 140 ملیار داری سرووشتی و چێندراو هەن کە 23٪ـی رووبەری ئەم وڵاتەیان داپۆشیوە، بەڵام 1065 پارکەکانی وایان کردووە رێژەی سەوزایی لە پەکین بگاتە 44.8٪ کە بەشێکی بەرچاوی بە گوڵی پیۆنی داپۆشراوە.
 
بەهارە و مێرگ و باخ بەرگی سەوزیان پۆشیوە، دوای پشووە فەرمییەکانی سەری ساڵی چینی و دوو هەفتە لە ئاهەنگ و فێستیڤاڵی بەهارە، ئیدی ئەم وڵاتە بە تەواوەتی بەرگی سەوزی پۆشیوە، ئەگەر لە کوردستان نێرگز مزگێنی و هێمای هاتنی بەهار بێت، لە چین پشکوتنی گوڵی پیۆنی کە بە ئیمپراتۆری گوڵەکان ناسراوە، تام و بەرامی بەهاری بۆ تەواو کردوون.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.