107 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز رزگار کران

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، 107 کۆچبەریان لە خنکان رزگارکردووە کە ویستوویانە لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان بگەیێننە بەریتانیا.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2024) پۆلیسی دەریاوانیی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا گوتی رۆژی 25ـی ئەم مانگە 12 ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی کۆچبەرانیان لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا کردووە. 
 
بەگوتەی پۆلیسی دەریاوانی، بەرەبەیانی دوێنێ، 30 کۆچبەر لەنێو بەلەمێکدا لە نزیک جەنگەڵی دانکیخ رزگارکراون. بەلەمێکی دیکەش کە لە نزیک جەنگەڵەکە بزووێنەرەکەی لەکارکەوتبوو، 51 کۆچبەری تێدا بووە و رزگارکراون. 
 
هەروەها پۆلیسی دەریاوانیی فەرەنسا، 26 کەسی دیکەی لەنێو بەلەمێکدا لە نزیک جەنگەڵی کالێ رزگار کردووە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی فەرەنسا، تەنیا ئەمساڵ لانیکەم 73 کۆچبەر لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز خنکاون و، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەم ساڵی بە کوشندەترین ساڵ بۆ ئەو کۆچبەرانە داناوە، کە هەوڵی پەڕینەوە لە نۆکەندەکە دەدەن. 
 
لە سەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستیان بە هاوئاهەنگیی زیاتری نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی رێگە لە باندە قاچاخچییەکان بگرن کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕێننەوە. 
 
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، نزیکەی 26 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. 
 
حکومەتەکانی فەرەنسا و بەریتانیا چەندین ساڵە دەیانەوێت رێگەچارەیەک بۆ چوونی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا بدۆزنەوە، بەڵام تائێستا سەرکەوتوو نەبوون.
 
لە ئابی ئەم ساڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کاتێک لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە، بەڵێنی پتەوکردنی هاوئاهەنگییەکانی هەردوو وڵاتی دا بۆ راگرتنی "چوونی بەلێشاوی کۆچبەران بۆ بەریتانیا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە