رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، واشنتن لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆسەر ئێران، بە مەبەست خۆی لە بەئامانجگرتنی سوپای ئەو وڵاتە (ئەرتەش) بەدوور گرت، چونکە جەنگەکانی رابردوو دەریانخستووە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە و هێزە سەربازییەکانی وڵاتێک بە تەواوی باش نییە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "سوپای بە تەنیا جێهێشت".
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز گوتی: "رەنگە خەڵک بە بیستنی ئەمە سەرسام بن، چونکە پێشتر لە جەنگەکاندا هەڵە کراوە و هەموو کەسێک لەنێوبراوە؛ پاشان وڵاتێک دروست دەبێت کە بۆ ماوەی 40 ساڵ هەرگیز ناتوانێت خۆی بونیاد بنێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا عێراقی وەک نموونەی شکستخواردووی ستراتیژیی پێشووی وڵاتەکەی هێنایەوە و گوتی: "تەماشا بکەن چی لە عێراق روویدا. ئێمە زۆر بە خراپی کارمان کرد. ئەوە کارێکی زۆر گێلانە بوو."
