ئەمریکا لە تۆڵەی برینداربوونی سێ سەربازی لە فڕۆکەخانەی هەولێر، هێرش دەکاتە سەر کەتائیبی حیزبوڵڵا

26-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە تۆڵەی برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و ژمارەیەکی لێ کوشتن، ئەمە وەک بەرپرسانی ئەمریکا باسی دەکەن. 
 
بە گوتەی مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە کاژێر 4:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-12-2023) بە کاتی هەولێر، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کراونەتە سەر سێ شوێنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە چاوەڕوان دەکرێت "ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا کوژرابن."
 
ئەوە لەکاتێکدایە دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە. 
 
رۆژی سێشەممە، لە بارەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر کەتائیبی حیزبوڵڵا، مایکڵ کوریلا گوتی "ئامانج لەم هێرشە ئاسمانییانە لێپرسینەوەیە لەو لایەنانەی بەرپرسیاری راستەوخۆی هێرشەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانن لە عێراق و سووریا، بۆ ئەوەی توانای هێرشبردنیان لاواز بکەین. ئێمە هەمیشە هێزەکانمان دەپارێزین."
 
لە بارەی سەربازە بریندارەکانی وڵاتەکەی، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "نزام بۆ ئەو ئەمریکییە قارەمانانەیە، کە برینداربوون."
 
ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە هەولێر ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش فەرمانی بە پێنتاگۆن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ وەڵامدانەوە دژی ئەو لایەنانەی بەرپرسن. 
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن باسی وردەکارییەکانی هێرشەکە دەکات:
 
 
ئەدریێن واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی "سەرۆک هیچ شتێک لە سەرووی پاراستنی هێزە ئەمریکییەکانەوە دانانێت، کە لەژێر مەترسیدا خزمەت دەکەن. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئەمریکا لە کات و بە رێگەی هەڵبژێردراوی خۆی هەنگاو دەنێت."
 
لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر. 
 
هەر لەم مانگەدا، لە هەڵچوونێکی گەورەی گرژییەکاندا، بۆ یەکەمین جار دوای ساڵێک، هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. 
 
ئەم گرژیانەی ئێستاش کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە دێن؛ ئۆستن لە سەردانێکی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕایەوە، کە ئامانج لێی رێگریکردن بوو لە هەوڵەکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ ئەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل فراوانتر نەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی F18ـی سەر بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا

ئەمریکا "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە

سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتەخوارەوە، لە ئەنجامدا کورسیی فڕۆکەوانەکانی فڕێدراونەتە دەرەوە و بە رزگاریان بووە.