رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئۆکراینا کوژرانی ڤیکتۆر سۆکۆلۆڤ، فەرماندەی هێزی دەریایی رووسیا لە دەریای رەش راگەیاند.
سوپای ئۆکراینا لە تیلیگرام نووسیویەتی "لە هێرشی مووشەکی سەر بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی رووسیا لە دوورگەی کریمیا، سۆکۆلۆڤ کوژراوە و 105 کەسی دیکەش بریندار بوون."
رۆژی هەیینی ئۆکراینا هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگای سەرەکی هێزی دەریاوانیی رووسیا لە شاری سێڤاستۆپۆلی نیمچە دوورگەی کریمیا کرد. وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەو کاتە رایگەیاند، جگە لە زیانی ماددی، تەنیا یەک کارمەندی تیمە سەربازییەکە بریندار بووە، دواتر لە راگەیێندراوێکی دیکەدا گوتی "ئەو کارمەندە بێسەروشوێن بووە."
رۆژی دووشەممە (25-9-2023) سوپای ئۆکراینا رایگەیاند: "هێرشەکەی رۆژی هەینی بووەتە هۆی کوژرانی فەرماندەی هێزە دەریاوانییەکانی رووسیا لە دەریای رەش."
لە نیوەی دووەمی ئەمساڵەوە، ئۆکراینا بە هاوکاریی بەریتانیا و ئەمریکا، پەرەی بە تواناکانی لە بواری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هێرشە مووشەکییەکانی داوە؛ بە جۆرێک کە هەڕەشەی بۆ سەر رووسیا دروستکردووە بەتایبەتی لە نیمچە دوورگەی کریمیا، هەروەها مۆسکۆ و ناوچەکانی دەوروبەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ