رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش چەند رۆژنامەنووسێكیان سەربڕین و گرتەی ڤیدیۆیی ئەو تاوانەیان بڵاوكردەوە، ئەو پرسیارە لەناو میدیا جیهانییەكاندا هاتووەتە ئاراوە كە ئایا چەند رەوایە ئەو وێنانە بڵاوبكرێنەوە.
هەر بەو هۆیەوە چەندین میدیای بەناوبانگی جیهانی وەك BBC، رۆیتەرز ، ئەسۆشێیتد پرێس و فرانس پرێس كۆبوونەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێك بدۆزنەوە.
بەرپرسی بەشی هەواڵی جیهانی ئاژانسی فرانس پرێس میشێلێ لێ ریدۆن لە بابەتێكدا ئەو كێشە هەستیارە شرۆڤە دەكات و چەند بڕیارێكی نوێی ئاژانسەكەی ئاشكرا دەكات.
میشێلێ لێ ریدۆن دەڵێت گرنگە فرانس پرێس هاوسەنگییەك رابگرێت لە نێوان چەند خاڵێكدا: ئەركی ئاگاداركردنەوەی خەڵك، پاراستنی ژیانی پەیامنێرەكان، نیگەرانیی ئاژانسەكە بۆ پاراستنی كەرامەتی ئەو كەسانەی لەلایەن توندڕەوەكانەوە لە ڤیدیۆ پێشان دەدرێن و هەروەها نابێت ئاژانسی فرانس پرێس لەلایەن گرووپە توندڕەوەكانەوە وەكو ئامرازێك بەكاربێت بۆ گواستنەوەی پەیامی رق و توندوتیژیی ئەوان.
سووریا مەترسیدارترینە
كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) سووریا بە "مەترسیدارترین" وڵات دادەنێت بۆ رۆژنامەنووسان. كۆمیتەكە دەڵێت لە كاتی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی سووریا لە ئاداری 2011 تا ئێستا 70 رۆژنامەنووس لە سووریا كوژراون و 80 رۆژنامەنووس رفێندراون و 30 رۆژنامەنووسیش بێ سەروشوێنن.
فرانس پرێس هێشتا نووسینگەی لە دیمەشق هەیە كە لەلایەن كارمەندە سووریەكانی ئاژانسەكەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بەڵام لە مانگی ئابی 2013وە هیچ رۆژنامەنووسی نەناردووە بۆ ئەو شوێنانەی سووریا كە لەلایەن چەكدارانی دژی بەشار ئەسەدەوە كۆنترۆڵ دەكرێن لەبەر مەترسیداربوونیان.
فرانس پرێس دەڵێت لە هاوینی 2013وە چیدی نە وێنە و نە ڤیدیۆی لە پەیامنێرە مەیدانییە سەربەخۆكانی سووریا نەكڕیوە بۆ ئەوەی هانیان نەدات ژیانیان بخەنە مەترسییەوە.
فرانس پرێس دەڵێت لە هەمانكاتدا بڕیاری داوە رۆژنامەنووس نەنێرێت بۆ سووریا، لە كاتێكدا بەردەوامن لە ناردنی رۆژنامەنووس بۆ ئەو شوێنانەی شەڕیان تێدایە وەك عێراق، ئۆكراین و غەززە. بەڵام بۆ پاراستنی ژیانی رۆژنامەنووسەكانیان راهێنانیان پێدەكەن و هەروەها پێداویستی خۆپاراستنی وەكو خودە و گوللەبەندیان بۆ دابین دەكەن.
چونكە رۆژنامەنووسان ناتوانن لەو شوێنانە كە گرووپی داعشی لێیە كار بكەن، تەنیا سەرچاوەی زانیاری ئەو ڤیدیۆیانەن كە گرووپەكە بڵاویان دەكاتەوە، ئەو ڤیدیۆیانەش زۆر جار دیمەنی نامرۆڤانە و بێبەزەییانەی تێدایە، بۆیە بەكارهێنانی ئەو وێنانە سەر ئێشەی زۆری بۆ ئاژانسەكان دروستكردووە، زۆر لە چاودێرانی بواری راگەیاندن پێیانوایە بڵاوكردنەوەی ئەو دیمەنانە دەچنە خانەی خزمەت بەم گرووپە توندڕەوە.
"كاتێك كە ڤیدیۆیەكمان بەدەست دەگات، سەرەتا دەبێت بزانین ئەم ڤیدیۆیە لە كوێ گیراوە و چۆن گەیشتووەتە دەستمان. دواتریش ئاژانسی فرانس پرێس ئەو ڤیدیۆیانە بڵاوناكاتەوە كە دروستكراون بە مەبەستی پڕوپاگەندە، هەر بۆیەش ئەو چەند ڤیدیۆیەی داعشمان بڵاونەكردووەتەوە كە سەربڕینی چەند كەسێكی رۆژئاوایی پێشان دەدات".
میشێلێ هەروەها دەڵێت "ئێمە هەوڵ دەدەین وێنەیەك لەو قوربانیانە پیشان بدەین كە كەرامەتی ئەوان لە كاتی گیان لەدەستدانیان نەشێوێنێت. زۆرجار وێنەیەكی كۆنی ئەوان پیشان دەدەین".
هەندێك لە میدیاكان كە ڤیدیۆی سەربڕین و توندوتیژیی ئەم گرووپە توندڕەوانە بڵاودەكەنەوە، بیانوو دەهێننەوە و دەڵێن ئەوە راستییەكە ئەگەرچی توندوتیژی قیزەونانەی تێدا بەكارهاتووە.
ئەمە بڕیارێكی قورسە بۆ هەموو ناوەندەكانی میدیا، بەڵام فرانس پرێس ئەو ڤیدیۆیانە بڵاوناكاتەوە، چونكە ئەو قسانەی كە ئەو دیلانە دەیانكەن لە ژێر فشاردا لێیان وەردەگیرێت.
هەروەها فرانس پرێس بڕیاری داوە كە دەستەواژەی "دەوڵەتی ئیسلامی" بەكارنەهێنێت و لەمەولا دەڵێن "گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی" یان "رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی". هەروەها بە چەكدارەكانیان دەڵێن "جیهادییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی".
میشێلێ دەڵێت ناتوانرێت لە رێگەی فشارەوە ئاژانسێكی نێودەوڵەتی وەك فرانس پرێس ناچار بكرێت دەستەواژەی نابابەتی "تیرۆریست" بەكارببات و ناكرێ ناوی ئەو رێكخراوانە كە بۆ خۆیان هەڵیانبژاردووە بشێوێنرێت.
بە بڕوای ناوبراو بەكارهێنانی ناوی دەوڵەتی ئیسلامی بە دوو هۆكار ناتەواوە: یەكەم ئەم گرووپە دەوڵەتی نییە و سنووری نییە كە لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی ناسرابێت. دووەم زۆر لە موسڵمانان باوەڕیان وایە كە رەفتارەكانی ئەم گرووپە هیچ پەیوەندییان بە ئاینی ئیسلامەوە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ