کاپتنی کەشتییەکەی بەیرووت بۆ رووداو: پێموانییە نیتراتی ئەمۆنیۆم هۆکاری تەقینەوەکە بووبێت

26-08-2020
خالید حوسێن
دیمەنێک لە ساتی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت. وێنە: AFP
دیمەنێک لە ساتی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت. وێنە: AFP
نیشانەکردن بەندەری بەیرووت لوبنان
A+ A-
 
رووداو - رووسیا

تیمی رۆژنامەوانیی رووداو چووە ناوچەیەک بەناوی (ڤێرخنیێ بوو) کە لەناو بەرزایی و چیا دوورەدەستەکانی شاری سۆچی لە رووسیا ھەڵکەوتووە. لەوێ باریس پرۆکۆشێڤ دەژی کە کاپتنی ئەو کەشتییە بوو کە باری نیتراتە ئەمۆنیۆمەکەی لە بەیرووت داگرت و دواتر تەقینەوەکەی بەیرووتی لێکەوتەوە.
 
باریس پرۆکۆشێڤ لە ساڵی 2013 بە فڕۆکە لە رووسیاوە چووەتە تورکیا، گرێبەستێکی بۆ ماوەی شەش مانگ و بە مووچەی مانگانەی سێ هەزار و 500 دۆلار لەگەڵ ئیگۆر گرێچوشکین، کە خۆی وەکو خاوەنی کەشتییەکە و بارەکە ناساندووە، واژۆکردووە، لەوێوە دەستیکردووە بە لێخوڕینی کەشتییەکە بە ئامانجی گەیاندنی بارەکە بۆ مۆزەمبیق.
 
باریس پرۆکۆشێڤ هۆکاری داگرتنی بارەکە لە بەیرووت دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ویستوویانە لەوێ باری دیکەش بخەنە سەر کەشتییەکە، ئیدی لەوێ لە بەندەری بەیرووت کێشەکە سەریهەڵداوە.
 
باریس پرۆکۆشێڤ، کاپتنی کەشتیی رۆسوس بە رووداوی راگەیاند "کاتێک لە بەیرووت ویستمان باری دیکە لە کەشتییەکە بارکەین، خەریکبوو کەشتییەکە تێکبشکێت، چونکە بارەکە قورس بوو، بۆیە نەمانتوانی؛ خاوەنی کەشتییەکە ماوەی هەفتەیەک فشاری لە من کرد کە دەبێت ئەو بارەش بارکەین، پێمگوت ناتوانین، کەشتییەکە دەشکێت. ئینجا گوتم باشە خۆت وەرە باریبکە، بەڵام ئەو نەهات".
 
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە  ئەو باری نیتراتە ئەمۆنیۆمە پەیوەندیی بە حیزبوڵڵای لوبنانەوە هەبووبێت، پرۆکێشێف دەڵێت، حکومەتی لوبنان خۆیان ناچاریان کردووە بارەکە لەوێ دابگیرێت، بە شێوەیەکی زۆر باش و دوور لە مەترسی بارەکەیان لە کۆگا داناوە، "ئەگەر ئامانجێکی تیرۆریستی لەپشتەوە بووایە، دانانی بارەکە بە شێوەیەکی دیکە دەبوو".
 
کاپتنی کەشتییەکە پێیوایە هۆکاری تەقینەوەکە نیتراتە ئەمۆنیۆمەکە نەبووە، بەڵکو بەهۆی تەقینەوەی دیکەوە ئەویش تەقیوەتەوە.
 
کاپتنی کەشتی رۆسوس باس لەوە دەکات "بەپێی تایبەتمەندییەکانی نیتراتی ئەمۆنیۆم، خۆی لەخۆوە ناتەقێتەوە، من کە سەیری ڤیدیۆکانی تەقینەوەکەم کرد سەرەتا دووکەڵ بوو، دواتر ئاگر پەیدابوو، ئینجا شتێک لەناو ئاگرەکەدا دەردەچوو بەرەو ئاسمان کە لەڕووی تەکنیکییەوە ئەو شتانە لە رۆکێت دەچوون، دواتر تەقینەوە گەورەکە روویدا، واتە بەکورتی هۆکاری تەقینەوە گەورەکە هۆکارێکی دیکە بووە کە نیتراتی ئەمۆنیۆمەکەی تەقاندووەتەوە".

 

 
 
باریس پرۆکۆشێڤ خۆی بە تاوانبار نازانێت لەو تەقینەوەیەی بەیرووت، بەڵام دڵتەنگە بۆ ئەو خەڵکانەی بوونە قوربانیی، دەڵێت "ئەو بابەتە هیچ پەیوەندیی بە منەوە نییە و هەست بە هیچ تاوانێک ناکەم، بەڵام بەداخەوەم بۆ قوربانییەکان".
 
باریس پرۆکۆشێڤ ماوەی 10 مانگ بەهۆی کێشەی باری کەشتیی رۆسوس لە لوبنان گیریخواردووە، لە بەرامبەر هەموو ئەوەدا ئیگۆر گرێچوشکین هیچ پارەیەکی نەداوەتێ؛ هەرچەند پرۆکۆشێڤ هەوڵیداوە لە رێگەی دادگاوە مافی خۆی وەربگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ ئەنجامە. هەروەها دواتر زانیویەتی ئەو دەستە کەشتیوانییەی پێش ئەو لەسەر ئەو کەشتییە کاریان کردووە، بەهۆی ئەوەی ماوەی چوار مانگ مووچەیان پێنەدراوە وازیان لە کارەکەیان هێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.