کودەتاکەی بۆلیڤیا شکستیهێنا و سوپا لەنزیک دامەزراوە حکومییەکان کشانەوە

26-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دییجتاڵ

دوای ئەوەی سەرۆکی بۆلیڤیا رایگەیاند، سوپا بە "شێوەیەکی نائاسایی" جووڵەی پێکراوە و خەریکە کودەتای سەربازی روودەدات. پاش چەند کاژێرێک "هەوڵی کودەتاکە شکستی هێنا و سوپا لە نزیک باڵەخانە حکومییەکان کشانەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 26-06-2024 لویز ئەلبەرتۆ ئارسێ، سەرۆکی بۆلیڤیا رایگەیاند، "بەشێوەیەکی نائاسایی جووڵە بە سوپا کراوە، مەترسیی کودەتای سەربازی هەیە، داوا دەکەم رێز لە دیموکراسییەت بگیرێت."
 
ئارسێ سەرکۆنەی "کۆبوونەوەی نائاسایی سەرباز و تانک"ـی لە دەرەوەی باڵاخانە حکومییەکان لە لاپازـی پایتەختی وڵاتەکە کرد.
 
پاش چەند کاژێرێک ئەو هێزە سەربازییانەی لەو شوێنانە جێگرکرابوون، کشانەوە و دۆخەکە ئاسایی بووەوە.
 
وەک لە وێنەیەکدا دەردەکەوێت، سەرۆکی بۆلیڤیا لەگەڵ جەنەراڵێک کە وەکو "سەرکردەی کودەتاچییەکان" بە ناوی " "خوان جۆسێ زونیکا" دەردەکەوێت، لەنێو کۆشکەکەیدا رووبەڕوو قسەدەکات و پێی دەڵێت: "جەنەراڵ من کاپتنی تۆم، فەرمانت پێدەکەم هەر ئێستا هێزەکانت بکشێنیتەوە." 

 

 
هەرچەندە جەنەراڵ "خوان جۆسێ زونیکا" بەر لە چوونە نێو کۆشکی سەرۆکی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، "بەمزوانە حکومەتێکی نوێ لە وڵاتەکەی پێکدەهێنرێت."
 
بەر شکستهێنانی کودەتاکە ئیڤۆ مۆرالێس، جێگری سەرۆکی بۆلیڤیا و سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە رایگەیاندبوو: "خەریکە کودەتایەکی سەربازی روودەدات. داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم بەرگری لە وڵات بکەن."
 
لە چەند وێنە و ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، سەربازی زۆر بە چەک و تانکەوە دەوری گۆڕەپانی پلازا مۆریلۆی نێوجەرگەی پایتەختیان داوە. لە چەند وێنەیەکی دیکەش چەند سەربازێک دەیانەوێت بچنە نێو کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە.
 
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، سێلیندا سۆسا لوندا، وەزیری دەرەوەی بۆلیڤیا رایگەیاند: "لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆلیڤیا سەرکۆنەی جووڵاندنی نائاسایی سوپا دەکات، کە هەڕەشە لە دیموکراسییەت، ئاشتی و ئاسایشی وڵات دەکات. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی بۆلیڤیا دەکەین رێز لە بەها دیموکراسییەکان بگرن و پاڵپشتیی حکومەت بکەن."
 
چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین و هاوسنووری بۆلیڤیا هەر زوو پشتگیریی خۆیان بۆ سەرۆکی بۆلیڤیا دەربڕی. 
 
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی "لە ڤەنزوێلاوە ئەو هەوڵەی کودەتایە رەتدەکەینەوە و باری لەناکاو رادەگەیێنین. پشتگیریی لە خەڵک و سەرۆکی بۆلیڤیا دەکەین."
 
وڵاتی بۆلیڤیا دەکەوێتە نێوەڕاستی ئەمریکای لاتین، 12 ملیۆن و 186 هەزار کەسی لێدەژی. وڵاتەکە لەگەڵ هەریەک لە بەرازیل، پاراگوای، ئەرجەنتین، چیلی و پێرو هاوسنوورە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا

بەرپرسێکی پارتی لە ئەمریکا: دیموکرات و کۆمارییەکانیش یارمەتیی کوردیان داوە

بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا دەڵێت: دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. گوتیشی ''ترەمپ سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانە و تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاوە.''