رووداو دیجیتاڵ
جیاواز لە ساڵانی پێشوو، ئەمساڵ لە ئۆکراینا یادی کریسمس لە 25ـی کانوونی یەکەم دەکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی "جیاوازبن لە رووسیا" رۆژی یادکردنەوەکەی لە 7ـی کانوونی دووەمەوە کردە 25ـی کانوونی یەکەم.
رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، کریستیانەکانی ئۆکراینا بۆ یەکەمجار یادی کریسمسیان کردەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی لەگەڵ رووسیا جیاوازبن.
هەموو ساڵێک لە ئۆکراینا و بەشێکی ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی رۆژژمێری جولیان دەکەن، لەوانەش رووسیا و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵات، یادی کریسمس دەکەوێتە 7ـی مانگی کانوونی دووەم. لەلای ئەو کریستیانانەی پەیڕەوی رۆژژمێری زایینی دەکەن، 24ـی کانوونی یەکەم شەوی کریسمسە و رۆژی 25-12 بە یادی کریسمس دیاریکراوە.
دوێنێ (یەکشەممە، 24-12-2023) ژمارەیەکی زۆر کریستیان بۆ ئەم یادە روویان لە کەنیسەی مەهد لە ئۆدێسای ئۆکراینا کرد و ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێکرد. قەشەیەکی ئەو کەنیسەیە گوتی، "ئێمە، پێمان وایە دەبێت یادی کریسمس لەگەڵ هەموو جیهان بکەینەوە و لە مۆسکۆ دوور بکەوینەوە."
ئەو قەشەیە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "ئێمە دەمانەوێت بە رێگەیەکی نوێ ئەو یادەبکەینەوە، لەگەڵ هەموو ئۆکراینا، ئۆکراینای سەربەخۆ. بەڕاستی ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە."
مانگی تەمموزی 2023 ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسی ئۆکراینا یاسایەکی نوێی واژۆ کرد و بڕیاریدا کریسمس بکەوێتە 25ـی مانگی 12. سەرۆکە ئۆکراینیەکە گوتی، "ئەمە بۆ دوورکەوتنەوەیە لە نەریتی رووسیا."
دەنیس یەکێکە لەو کەسانەی بەشداریی ئەو یادەی کردووە، گوتی، "ئێمە ویستمان پاڵپشتیی ئۆکراینا بکەین لە گۆڕانکارییەکە، چونکە گۆڕانکاری قورسە. ئێمە دەتوانین لە 25 و 7ـی مانگیش ئاهەنگ بگێڕین."
تێتیانا کچە گۆرانیبێژێکە و خۆشحاڵیی خۆی بەو بڕیارە دەربڕی، ئەو گوتی، "زۆر دڵخۆشم لە کۆتاییدا لەگەڵ هەموو جیهان پێکەوە ئاهەنگی کریسمس دەگێڕین."
پەیمانگەی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسیی کیێڤ لە نوێترین سەرژمێریدا ئاشکرای کردووە ٪85ـی دانیشتووانی ئۆکراینا کریستیانن. ٪72 لەوانە ئۆرسۆدۆکس و ٪9 کاسۆلیکین. ئەو پەیمانگەیە دەڵێت، لە ئۆکراینا 6 هەزار و 185 کەنیسەی ئۆرسۆدۆکس و 4 هەزار و 733 کەنیسەی کاسۆلیکی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ