بەریتانیا ژمارەیەک پەنابەری کورد دیپۆرتی هەولێر دەکاتەوە

25-05-2024
سۆران حوسێن
ژمارەیەک کۆچبەر لەسەر رووباری دەبلن خێوەتیان هەڵداوە. وێنە: AFP
ژمارەیەک کۆچبەر لەسەر رووباری دەبلن خێوەتیان هەڵداوە. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق دەڵێت، بەریتانیا ژمارەیەک پەنابەری کورد دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. داواش دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان وەگرتنەوەی ئەو کەسانە رەتبکاتەوە.
 
رۆژی شەممە، 25ـی ئایار دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، 70 پەنابەری کورد لە بەریتانیا دەستگیرکراون و بڕیارە رۆژی دووشەممە حکومەتی ئەو وڵاتە سێ لەو پەنابەرانە دیپۆرتی هەولێر بکاتەوە.
 
سکرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق باسی لە ژیانی پەنابەرانی کورد لە وڵاتانی ئەورووپا کرد و گوتی، "لە هەلومەرجێکی زۆر ناهەمواردان، بەتایبەت لە ئەڵمانیا، ئەویش گۆشەیەکە لەو سیاسەتەی وڵاتانی ئەورووپا بەرامبەر پەنابەران گرتوویانەتە بەر".
 
هەرچەندە دەگوترێت لە چوارچێوەی یاداشتێکی لێتێگەیشتندا پەنابەرانی کورد و عێراقی لەسەر خواستی خۆیان و بە ئارەزوومەندانە دەگەڕێندرێنەوە، بەڵام دەشتی جەمال رەتیدەکاتەوە: "گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە نییە و ئەوەشی هەیە یاداشت نییە و رێککەوتنێکە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 لەنێوان عێراق و وڵاتانی ئەورووپا و ئێستا کارا کراوەتەوە".
 
بە گوتەی سکرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، "لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا لە 2012ـەوە شەش هەزار و 500 هاونیشتمانی لە وڵاتانی ئەورووپاوە بە زۆر گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان".
 
دەشتی جەمال گوتیشی، ئەو سێ کەسەی بڕیارە دووشەممە بنێردرێنەوە هەولێر تیکتیان بۆ دابینکراوە؛ "بەبێ خواستی خۆیان کۆنسوڵخانەی عێراق پاسپۆرتی کاتیی بۆ دەرکردوون وەکو پشتیوانییەک بۆ ناردنەوەی بە زۆر".
 
سکرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، رۆژی دووشەممە ئەو سێ پەنابەرە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگرنەوە و نەبنە پشتیوانی سیاسەتی ناردنەوەی پەنابەران.
 
دەشتی جەمال گوتیشی: "نابێت فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پەنابەری بە زۆر نێردراوە وەربگرنەوە، دەبێت ئەو کۆمپانیایانەش سزا بدرێن کە پەنابەرەکان بە زۆر دەبنە فڕۆکەخانەکان؛ ئەگەر وەریاننەگرنەوە ئێمەش دەستکراوە دەبین لەگەڵ پارێزەرەکاندا بۆ پشتیوانی لە پەنابەران".
 
بە گوتەی سکرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، لە بەریتانیا پەنابەر بە زۆر دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە کە 23 ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە. دەشڵێت، لە ئەڵمانیا داویانە بەسەر ماڵی پەنابەردا و بەبێ ئاگادارکردنەوە بە زۆر ناردوویانەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا. وێنە: Aurelien Morissard / AFP

پەیامێک لە سەرۆکی فەرەنساوە: پشت لە شەڕڤانانی کورد ناکەین

سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیێنێت کە وڵاتانی رۆژئاوا نابێت "ساویلکە بن" لەبارەی دەسەڵاتی نوێ لە سووریا لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، بەڵێنیش دەدات کە وڵاتەکەی پشت لە شەڕڤانانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ناکات