فەرەنسا سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ سێ بەرپرسی سووریا دەردەکات

25-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکی پاریس سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر سێ بەرپرسی ئەمنیی سووریادا سەپاند. سزادراوەکان لە دادگە ئامادە نەبوون، بەڵام پاریس دەڵێت فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتییان بۆ دەرچووە. برای یەکێک لە قوربانییەکانیش گوتی: "دادپەروەریمان بینی."
 
رۆژی هەینی، 24-05-2024 دادگەیەکی پاریس لە فەرەنسا، بەهۆی "بەشداریکردن لە تاوان لە دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە دۆسیەیەکی زۆر ئاشکرادا"، سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر سێ بەرپرسی ئەمنیی سووریادا سەپاند.
 
ئەمە یەکەمجارە فەرەنسا دانیشتنێکی دادگە لەسەر ئەو تۆمەت و تاوانانە دەکات کە لە ماوەی جەنگی ناوخۆی سووریادا لە 2011ـەوە کراون.
 
ئەوانەی سزادراون بریتین لە: عەلی مەملووک، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی؛ جەمیل حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگەی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی و عەبدولسەلام مەحموود، بەرپرسی پێشووی لێکۆڵینەوەکان.
 
دانیشتنی دادگەکە بەبێ ئامادەبوونی هەرسێ سزادراوەکە بەڕێوەچوو، بەڵام فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ هەرسێکیان دەرکراوە.
 
سێ بەرپرسە ئەمنییەکە تۆمەتبارن بەوەی لە کوژرانی دوو هاووڵاتیی سووریایی-فەرەنسی تێوەگلاون. مازن دەباغ و پاتریک دەباغی کوڕی، لە 2013 لە دیمەشق دەستگیرکران و ئیدی نەبینرانەوە. لە ساڵی 2018 هەواڵی کوژرانیان بڵاوبووەوە.
 
پێش دەستپێکردنی دادگاییەکە، دادوەرە لێکۆڵەرەکان گوتیان بەڵگەی پێویست هەیە کە ئەو دوو هاوڵاتییە، وەک "هەزاران دەستبەسەری دیکەی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی ئەشکەنجەدراون و کوژراون."
 
کاتێک پاتریک دەستگیرکرا، تەمەنی 20 ساڵ بوو، خوێندکاری بەشی هونەر و زانستە مرۆڤایەتییەکان بوو لە زانکۆی دیمەشق. باوکیشی راوێژکارێکی پەروەردەیی پێشکەوتوو بوو لە قوتابخانەی فەرەنسی لە پایتەختی سووریا.
 
دوای راگەیاندنی سزاکەیان، چەند ئامادەبوویەکی نێو دادگە هەستانە سەرپێ و چەپڵەیان لێدا.
 
عوبەیدە دەباغ، برای مازن دەباغ گوتی: "خۆدزینەوە لە یاسا شتێکە کە زۆر قورسە لەگەڵی بژیت. دادپەروەریمان بینی، ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگی سەرەتایی و مێژووییە."
 
کلێمێنس بێکتارت، پارێزەری ژمارەیەک قوربانیی جەنگی سووریا گوتی: "ئەمە حوکمێکە دەنگدانەوەی بۆ سەدان هەزار سووریایی دەبێت کە چاوەڕوانی دادپەروەرین."
 
عەلی مەملووک ئێستا راوێژکاری باڵای سەربازیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریایە و گومان دەکرێت دوو حوکمدراوەکەی دیکەش لە سووریا بن.
 
لە دادگەکە چەند شایەتحاڵێک ئامادەبوون کە پێشتر لە زیندانەکانی سووریا دەستبەسەر بوون و باسی ئەزموونی خۆیانیان کرد. 
 
پاتریک بۆدوا، پارێزەر لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ - FIDH گوتی، دادگایی و سزاکە "نیشانەیەکە بۆ سەرکردەکانمان، سەرکردە ئەورووپییەکان، کە نابێت بە هیچ نرخێک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەد ئاسایی بکەنەوە."
 
دادگاییکردنی هاوشێوە چەند جارێک لە ئەڵمانیا بەڕێوەچووە و سزادراوەکانیش، کە کەسانی پلە نزمی ئەمنی بوون، لە دادگەکان ئامادەبوون.
 
جەنگی 13 ساڵەی سووریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و داڕمانی ژێرخان و ئابووریی سووریا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: بە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبار بووم

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زۆر خەمباربووم بە رووداوی تراجیدیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەرباجیان لە کازاغستان، هاوخەمم و نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە کاریگەر بوون."