لە رووسیا کچێک بەسواری ئەسپ پۆست دەگەیێنێتە گوندەکان

24-11-2017
زانا بەهرام
رودمیلا رازڤۆدۆڤا، دانیشتووی ناوچەکە: ماریا پۆستەچییەکی زۆر نایابە
رودمیلا رازڤۆدۆڤا، دانیشتووی ناوچەکە: ماریا پۆستەچییەکی زۆر نایابە
نیشانەکردن رووسیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە رووسیا کچێکی تەمەن 24 ساڵ، رۆژانە بەسواری ئەسپەکەی پۆست دەگەیێنێتە خەڵکی 16 گوندی ناوچەکانی نزیک مۆسکۆ، بەشێک لەو کەسانەی کە کاری هاوشێوەی ماریا دەکەن پاسکیل بەکاردەهێنن، بەڵام ماریا دەڵێت پاسکیل بۆ ئەو گونجاو نییە، چونکە گوندەکان لەیەکەوە دوورن و لە وەرزی زستانیشدا رێگە و بان سەختە.

ماریا روبتسۆڤا، کارمەندی پۆست دەڵێت "پاسکیلم هەیە، بەڵام پاسکیل بۆ ئەو ناوچەیە گونجاو نییە، دووری نێوان گوندەکان نزیکەی 25 کیلۆمەترە، ئەوەش زۆرە بۆ پاسکیل، هەروەها لە وەرزی زستانیشدا رێگەو بان سەختە".

کارەکەی ماریا سەرنجی خەڵکی ناوچەکەی راکێشاوە، چونکە زۆربەی ئەو کەسانەی کاری گەیاندنی پۆست لەناوچە شاخاوییەکان دەکەن پیاون، بەڵام ماریا گەنجە و  بەسواری ئەسپیش دێت و دەچێت.

رودمیلا رازڤۆدۆڤا، دانیشتووی ناوچەکە دەڵێت "ماریا پۆستەچییەکی زۆر نایابە، کە بە سواری ئەسپ کارەکەی دەکات، ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد لەو ناوچە کاربکات، کچێکی ئاوا بەسواری ئەسپ دێت و دەچێت لەسەرەتادا سەرەنجڕاکێش بوو، بۆیە تووشی شۆک بووین".

ماریا خەڵکی مۆسکۆیە و پێشتر لەوێ ژیاوە و کاری دیکەی هەبووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، لە ژیانی جەنجاڵی نێو شار بێزار بووە و بڕیاریداوە لە گوند بژیت.

ماریا دەشڵێت "ئارەزووی ژیان لە شار ناکەم و بۆ من چێژ بەخش نییە، من لە شار لەدایک بووم و گەورە بووم، لەوێش کارمکرد، دواتر هاتمە ئێرە، سەرەتا بۆ ماوەی شەش مانگ لێرە مامەوە، دواتر گەڕامەوە بۆ مۆسکۆ، لەوێش بۆ ماوەی شەش مانگ مامەوە و کارمکرد، لە کۆتایدا بۆمدەرکەوت کە ژیان لێرە خۆشترە".

دوای ئەوەی تەلەڤیزیۆنێکی چینی راپۆرتێک لەسەر ژیانی ماریا بڵاودەکاتەوە، راستەوخۆ رێژەی فانەکانی ماریا لە ئینتەرنێت دوو ملیۆن زیاد دەکات و بەردەوامیش ناوبانگی ماریا زیاتر دەبێت.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە