چوار هاونیشتمانی باشووری کوردستان لە لەندەن تووشی کۆرۆنا بوون

24-03-2020
کوردستان حەسەن
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
رووداو - لەندەن 

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە لەندەن روو لە زیادبوونن، بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا شەش هەزار و 733 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، پەیامنێری رووداو لە لەندەن رایگەیاند، لە ناوچەی کرۆیدن چوار هاونیشتمانی باشووری کوردستان تووشی کۆرۆنا بوونە و لە ماڵەوە کەرەنتین کراون.
 
کوردستان حەسەن، پەیامنێری رووداو لە لەندەن ئاماژەی بەوە کرد، ئەو چوار هاونیشتمانییە دووانیان هاوژینن و تەندروستی ئافرەتەکە خراپە. رووداو لەگەڵ سۆران وەهاب، کە مامۆستایە و ماوەی 19 ساڵە لە لەندەن دەژی قسەیکرد، سۆران دەڵێت، "رەوشی تەندروستیم باشە، بەڵام خێزانەکەم کە تازە تووشبووە کۆکە و هەناسەتەنگی تەنگی پێهەڵچنیوە".
 
لە بەریتانیا بەهۆی نەبوونی قەرەوێڵە، نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، حکومەت داوا لە تووشبووان دەکات لە ماڵەکانیان خۆیان کەرەنتین بکەن. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، هەموو بەریتانیا پێنج هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستکردی تێدایە. 
 
د. سەرخێڵ سەعدی رەزا، پزیشکی ئێسک و شکاوی و سەرپەرشتیاری پلانی ستراتیژی بۆ کۆڤید - 19 لە نەخۆشخانەی کرۆیدن و پسپۆڕی چارەسەی کۆرۆنایە لە ناوچەی کرۆیدن بە رووداوی راگەیاند، دۆخی نەخۆشخانەکان لەو ناوچەیە مەترسیدارە، پزیشکان ناتوانن چارەسەری هەموو نەخۆشەکان بکەن، دۆخەکە وایلێهاتووە لەنێوان نەخۆشەکان هەڵدەبژێرن کە چارەسەری کێ بکەن. 
 
لەبارەی پێوەرەکان بۆ پێدانی چارەسەر، د. سەرخێڵ گوتی، رەچاوی تەمەن، باری خێزانداری، کەسەکە منداڵی هەیە یان نا، لەگەڵ باری تەندروستی کە ئایا نەخۆشی دیکەی هەیە، دەکرێت. 
 
لە بەریتانیا لەچوارچێوەی رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە و 20 هەزار ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە کە هاوکات مەشق و راهێنانی تایبەتیان پێکراوە بۆ هاوکاریکردنی خەڵک لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
 
پەیامنێری رووداو لە لەندەن رایگەیاند، ئەگەر کەسێک کەرەنتین کرابێت و پابەند نەبێت بە قەدەخەی هاتووچۆوە، سزای تاوەکو 10 هەزار پاوەند و سێ مانگ زیندانی دەدرێت.

 

لە بەریتانیا 338 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، 140 کەسیش چاکبوونەتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.