بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لەبارەی کۆبوونەوەکە کە رۆژی چوارشەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2020 کراوە، رایگەیاند، ئەو بژارانەی خراونەتەڕوو "نابنە هۆی هەڵچوونی دۆخەکە و بۆ ئەوەن رێگری لە هێرشی زیاتر بکرێت".
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز، کریس میڵەر، وەزیری بەرگریی بەوەکالەت، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوە، رۆبەرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
بەرپرسەکە دەڵێت، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە رێککەوتوون کە بە زوویی هەندێک بژارە بۆ رێگەگرتن و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق بدەنە دۆناڵد ترەمپ، بەڵام ئەوە ئاشکرانەکراوە کە ئاخۆ بژارەکان چین و هێرشی سەربازیی تێدایە یاخود نا.
ئامانجی کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی بە گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە بۆ ئەوە بووە "ژمارەیەک بژارەی گونجاو بخەینە بەردەم سەرۆک بۆئەوەی دڵنیابین رێگری لە هێرشی ئێران و گرووپە شیعییەکان دەکەین بۆسەر کارمەندانمان لە عێراق".
ئەم کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەم هەفتەیە هەشت مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی تەنیا زیانی ماددییان هەبووە.
مووشەکەکان لەڕێگەی سیستەمی دژە مووشەکەوە وەڵامدرانەوە. یەکێک لە مووشەکەکان کەوتووەتە سەر باڵەخانەیەک لە کۆمەڵگەی قادسیە کە خێزانێکی تورکمانی تێدا نیشتەجێ بوون. هەروەها سێ مووشەک لەنزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتوونەتەوە و مووشەکێکیش لە گەڕەکی جادریە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و "گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران"ی بە ئەنجامدەری هێرشەکان تۆمەتبارکرد، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێست بنوێنێت لە بەرامبەری.
هەروەها مایک پۆمپەیۆ پەیامێکی ئاراستەی عێراقییەکان کرد، داوای لێکردن "پاڵپشتیی هەوڵەکانی حکومەت بکەن بۆئەوەی سەربەخۆیی بەدەستبێنێتەوە"، ئەوانەشی بەرپرسن لەو هێرشانەدا بیانداتە دادگا و دڵنیاییش بدات کە هێزە شیعییەکان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتن.
ئەم هێرشەش لەکاتێکدابوو، چەند رۆژێک پێشتر ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکدا گوتی "لە کاتێکی گونجاودا تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەکەینەوە". پێشتریش بەرپرسە باڵاکانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانییان کردبوو، هەرچەندە لەدوای ئەم رووداوە ئەوان چەند هێرشێکیان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدا کە هیچ زیانی گیانییان لێنەکەوتەوە. مەککێنزی دەڵێت "تێگەیشتنی من وایە ئێمە لە پێگەیەکی زۆر باشداین و ئامادەش دەبین، ئیدی ئێران و هاوپەیمانەکانی هەوڵی هەر شتێک بدەن".
گرووپێکی شیعی لە مانگی ئۆکتۆبەر رایگەیاند، بە مەرجی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هێرشی سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا وەستاندووە، بەڵام هێرشە مووشەکییەکەی 18ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ دەریخست کە گرووپە چەکدارییەکان دەستیانکردووەتەوە بە هێرشکردن بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا.
واشنتن وردە وردە لە هەوڵی کەمکردنەوەی پێنج هەزار سەربازەکەیەتی لە عێراق، هەڕەشەی ئەوەشی کردووە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دادەخات ئەگەر حکومەتی ناوەندی شکستبێنێت لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ