رووداو دیجیتاڵ
شاری لێیدا لەهەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا رۆژی هەینی بڕیاری قەدەخەکردنی پۆشینی پەچەی لەشوێنە گشتییەکان دا پەسند کرد.
پێچەوانەی ژمارەیەک لەوڵاتانی دراوسێی لەئەورووپا وەک فەرەنسا، پۆرتوگال و بەلجیکا، ئیسپانیا هیچ یاسایەکی سەرتاسەریی بۆ قەدەخەکردن یان سنووردارکردنی ئەو جۆرە پۆشاکانە نییە کە لەلایەن بەشێک لەژنانی موسڵمانەوە دەپۆشرێن.
شاری لێیدا، کە دانیشتووانەکەی نزیکەی 150 هەزار کەسە لەهەرێمی کەتەلۆنیا، لەساڵی 2010 لەسەر ئاستی ئیسپانیا پۆشینی پەچەی لەهەندێک شوێنی گشتی قەدەخە کرد.
بەڵام دادگای باڵای ئیسپانیا لەساڵی 2013 و دوای سکاڵایەکی یاسایی کۆمەڵەیەکی ئیسلامی، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. دادگاکە لەو کاتە دا بڕیاری دا کە قەدەخەکردنەکە پێشێلکردنی ئازادیی ئایینییە و لەدەسەڵاتی کارگێڕیی خۆجێیی شارەوانییەکان نییە.
هەموارکردنەوە و بڕی سزاکان
پەرلەمانی خۆجێیی شاری لێیدا رۆژی هەینی بەزۆرینەی 16 دەنگ بەرامبەر 11 دەنگ، هەمواری یاساکەی پەسند کرد کە بەجۆرێک داڕێژراوەتەوە لەکێشە و رەخنە یاساییەکانی پێشوو بەدوور بێت.
بڕیارە نوێیەکە قەدەخە دەخاتە سەر "مانەوە یان هاتووچۆکردن لەشوێنە گشتییەکان بەهەر پارچەپۆشاکێک کە بەتەواوەتی دەموچاو دادەپۆشێت"، بەبێ ئەوەی بەدیاریکراوی ناوی پەچە بهێنێت.
هەر کەسێک ئەم یاسایە پێشێل بکات، سزای دارایی دەدرێت.
بۆ پەسندکردنی ئەم هەموارە، پارتی سۆسیالیستی کەتەلۆنیا چووە نێو هاوپەیمانێتییەکی سیاسیی نائاسایی لەگەڵ پارتی راستڕەوی (ڤۆکس) و پارتی سەربەخۆخوازی کەتەلۆنی (خونتس)، ئەوەش بەگوێرەی راگەیێندراوی شارەوانیی شارەکە.
فێلیکس لارۆسا، سەرۆکی شارەوانیی لێیدا کە سەر بەپارتی سۆسیالیستە، لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمانی شارەوانی دا گوتی: "پێکەوەژیان بەمانای رێزگرتن لەیەکدی دێت و رێزگرتن لەیەکدیش بەمانای پەیڕەوکردن و جێبەجێکردنی یاساکان دێت."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)