لە شەڕی ئاسمانیدا مرۆڤ بەرامبەر زیرەکیی دەستکرد دۆڕاندی

23-08-2020
رێبوار قاسم
نیشانەکردن شەڕی ئاسمانی هۆشیاریی زیرەک
A+ A-
رووداو- هەولێر

هەفتەی رابردوو، لێكۆلینڤانانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێشبڕکێیەکیان لە نێوان سۆفتوێرێکی زیرەکیی دەستکرد Artificial Intelligence و فڕۆکەوانێکی بە ئەزموون رێکخست. لە کۆتایی پێشبڕکێیەکەدا سۆفتوێرەکە لە هەموو قۆناخەکاندا بەسەر مرۆڤدا سەرکەوت و دەریخست مرۆڤ ناتوانێ لەو ئامێرە بەرێتەوە کە خۆی عەقڵەکەی بۆ دروستکردووە. 
 
پێشبڕکێیەکان لە ژینگەیەکی دەستکردی دیجیتاڵی بەڕێوەچوون کە تێیدا زیرەکیی دەستکردی کۆمپانیای (هێرۆن سیستەمز) توانی لە هەر پێنج تاقیکردنەوەکەدا بە ئاسانی لە فڕۆکەوانێکی خاوەن ئەزموونی گاردی نیشتمانیی ئاسمانیی واشنتن دی سی بەرێتەوە، کە لە راپۆرتی تاقیکردنەوەکەدا بە "بەنگەر" ناوی هاتووە و دەرچووی بەشی ئێف-16یە لە سکووڵی چەکەکانی هێزی ئاسمانی. بەنگەر فڕۆکەوانێکی مەیدانییە و زیاتر لە 2000 کاژێر ئەزموونی فڕۆکەوانیی ئێف-16ی هەیە. 
 
هێرۆن سیستەمز، کە بنکەی سەرەکییان لە ویلایەتی کالیفۆرنیایە، لە ساڵی 1993ەوە دامەزاوە و کاری سەرەکییان دروستکردنی زیرەکی دەستکردە. لە لاپەڕەی یەکەمی ماڵپەڕەکەدا سەبارەت ئامانجی کۆمپانیاکە هاتووە "کاری ئێمە بریتییە لە داهێنان و بەکارهێنانی پێشکەوتووترین زیرەکی دەستکرد، بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیایەکی باڵادەستی ئەوتۆ دابهێنین کە بتوانێت کێشەکانی شەڕی مۆدێرن چارەسەر بکات".
 
پێشبڕکێیەکە بەشێکە لە کۆمەڵە تاقیکردنەوەیەک کە ئاژانسی پڕۆژەکانی توێژینەوە لەسەر بەرگریی پێشکەوتوو DARPAی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەیانکات. ئاژانسەکە پرۆگرامێکی بەناوی (پەرەپێدانی شەڕی ئاسمانی ACE) دەستپێکردووە، کە ئامانج لێی دروستکردن و پەرەپێدانی پیشەسازیی ئاسمانیی تەواو خۆكردە، کە پێویستی بە بەشداریی مرۆڤ لە فڕۆکەکاندا نەبێت، یانیش ئەرکی مرۆڤ ئەوەندەی بکرێت کەم بکرێتەوە.
 
ئەم پێشبڕکێیە تەنیا لەنێوان مرۆڤ و زیرەکیی دەستکرددا نەبووە، بەڵکو لەنێوان پڕۆژە جیاجیاکانی هۆشیاری دەستکرد خۆشیاندا بووە. ساڵی رابردوو ئاژانسەکەی سەر بە پێنتاگۆن 8 کۆمپانیای هەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی پڕۆژەکانیان لە بواری زیرەکیی دەستکرددا بخەنەڕوو. خولی یەکەم و دووەمی کێبڕکێبەکە لەنێوان فڕۆکەوانە دیجیتاڵییەکاندا بووە، کە لە تشرینی یەکەمی 2019 و کانوونی دووەمی 2020 ملیان لەبەر ملی یەک نابوو. 
 
لە قۆناخی سێیەمدا، پڕۆژەکانی چوار کۆمپانیا مابوونەوە، کە پڕۆژەکەی هێرۆن سیستەمز براوەی کۆتاییان بوو. لووتکەی پێشبڕکێیەکە کاتێک بوو کە هێرۆن سیستەمز لەگەڵ فڕۆکەوانێکی راستەقینە بەرەوڕوو بوویەوە. 
 
کۆڵۆنێڵ دانیەڵ جاڤۆرسێک بەڕێوەبەری پرۆگرامی "پەرەپێدانی شەڕی ئاسمانی" لە هەڤپەیڤێنێکدا دەڵێت "خودکاربوون لە شەڕی ئاسمانیدا شتێکی نوێ نییە، ئەوەی کە شتێکی نوێیە ئەوەیە ئەو تەکنەلۆژیایە بتوانێت لە ئاستی مرۆڤدا کار بکات". تەکنولۆژیایەکی لەو جۆرە پێویستی بە توانایەکی بەرزی لێکدانەوە و پێشبینیکردنی ئەگەرە جیاجیاکان و جێبەجێکردنی رێنماییەکان لە ژینگەی ئاڵۆزی شەڕی ئاسمانییە. 
 
شەڕی ئاسمانیی نوێ یەکجار ئاڵۆزە و تێیدا جگە لە بۆمب و گولـلە، دەکرێت سیستەمی مووشەکیش بەکاربهێنرێت، کە لە پێشبڕکێیەکەی ئەم دواییەی ئاژانسەکەی سەر پێنتاگۆندا بەکارنەهاتووە. جیا لەمە ژینگەی واقیعی شەڕە ئاسمانییەکان زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بە ئاسانی لە تاقیگەیەکی دیجیتاڵیدا دروستبکرێتەوە. هەر چۆنێک بێت جوڵەکانی فڕۆکە دیجیتاڵییەکە و ئەگەرەکانی نێو ژینگەی شەڕکردنی دیجیتاڵی بە شێوەی پێشوەخت وەک کۆد داڕێژراون، بەڵام لە ژینگەی واقیعی شەڕی ئاسمانیدا، زۆربەی کات ئەگەرەکانی جوڵە و ژینگەی شەڕ چاوەڕواننەکراون. 
 
هەر بۆیە جاڤۆرسێک دەڵێت "ئەگەر ئەمڕۆش ئاژانسەکەی وەزارەتی بەرگری خاوەنی سیستەمێکی تەواو و ئامادە بێت، ئەوە 10 ساڵی دەوێت تاوەکو ئەو سیستەمەكە بخرێتەسەر فڕۆکەیەکی جەنگیی وەک ئێف-15 و ئێف-16". 
 
پرۆگرامی پەرەپێدانی شەڕی ئاسمانی بەنیازە لە قۆناخی یەکەمدا کار لەسەر دوو فڕۆکە هەڵگری زیرەکیی دەستکرد بکات، کە یەکێکیان فڕۆکەیەکی پەروانەدارە و ئەوەی دیکەیان فڕۆکەیەکی بچووکە، بۆ ئەوەی توانای هەر کام لەو دوو فڕۆکەیە بزانێت. ئەم قۆناخە لە 2021 تەواو دەبێت. لە قۆناخی دووەمدا زیرەکیی دەستکرد لە فڕۆکە گەورەکاندا تاقیدەکرێتەوە و رەنگە لە 2024دا رادەستی هێزی ئاسمانی بکرێت. 
 
زیرەکیی دەستکرد وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، بەو جۆرە لە زیرەکی دەگوترێت کە لە ئۆرگانیزمە دەستکردەکانی وەک ئامێرە نوێیەکاندا دادەنرێت و توانای هەستیاربوون و لێکدانەوەی پێدراوەکانی دەوروبەری هەیە و لە بەرامبەریاندا کردەی دیاریکراو دەنوێنێت. دەستەواژەی زیرەکیی دەستکرد یەکەمجار لە 1956 لەلایەن جۆن مەککارسی لە کۆلێژی دارتماوس لە ئەمریکا داهێنرا، بەڵام ئەم بوارە تاوەکو سەرەتای سەدەی 21 نەیتوانی بایەخی پێویست وەربگرێت. 
 
ئێستا زیرەکی دەستکرد بایەخێکی وەهای وەرگرتووە کە زۆر لە شارەزایان پێیانوایە ململانێی داهاتووی تەکنەلۆژیای وڵاتانی پێشکەوتوو لە هەموو بوارەکاندا لەو جۆرە پیشەسازییەدا دەبێت.
 
شەڕی راستەوخۆی نێوان فڕۆکەکان ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری پرۆگرامی ACE دەڵێت "سەرەڕای ئەوەش پێویستە توانای مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخێکی وەهامان هەبێت"، لەکاتێکدا ئاژانسەکەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەیەوێت سۆفتوێرەکانی زیرەکی دەستکرد توانای ئیدارەکردنی مانۆری ئاسمانیی فڕۆکەکان و پێکانی ئامانجیان هەبێت، لە هەلومەرجێکی ئاواشدا پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە ئایا رۆڵی فڕۆکەوانەکان چی بەسەر دێت. 
 
ئەوەی دیارە ئەوەیە تەکنەلۆژیا هێشتا رێگەیەکی دوورودرێژی لە پێشە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە یەکجاری لە فڕۆکە جەنگییەکان لابدات، بۆیەش ئەو فڕۆکانەی هەڵگری زیرەکیی دەستکردن، جارێ فڕۆکەوانێکیشیان تێدا دەبێت، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هیچ شتێکی هەڵە روونادات. 
 
جاڤۆرسێک لەوبارەوە دەڵێت "تادێت رۆڵ و بەرپرسیارێتی فڕۆکەوانەکان دەگۆڕێت بۆ ئیدارەکردنی جەنگ، لەکاتێکدا ئەرکی ئامێرە خودکارەکان ئەنجامدانی مانۆڕ و بڕیاردانی خێرایە لە ژینگە ئاڵۆز و گۆڕاوەکانی جەنگدا. جارێ زۆرمان ماوە بڵێین سۆفتوێرەکەی هێرۆن سیستەمز دەتوانێ هەموو فڕۆکە جەنگییەکە هەڵسووڕێنێت، راستییەکەی جارێ هەر ناشزانین ئایا ئێستا ئەمە لە واقیعدا کردەییە یان نا".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.