نەتەوەیەکگرتووەکان سوپای رووسیا بە تۆمەتی تووندوتیژیی دژی منداڵ دەخاتە نێو لیستی رەشەوە

23-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوەیەکگرتووەکان هێزەکانی سوپای رووسیا بە تۆمەتی کوشتنی منداڵ و هاووڵاتیی سڤیل و هێرشکردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە ئۆکراینا دەخاتە لیستی رەشی ساڵانەی رێکخراوەکەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لەو ژمارە زۆرەی تووندوتیژی بەرامبەر منداڵان لە ئۆکراینا کراوە "تۆقیوە". دەشڵێت، شۆک بووە بە ژمارەی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و نیگەرانی ئەو منداڵانەیە گوێزراونەتەوە بۆ رووسیا.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز باسی لەوەکردووە، لە ساڵی 2022دا نەتەوەیەکگرتووەکان لە 24 وڵاتدا 13 هەزار و 469 پێشێلکاری و تووندوتیژیی دژی منداڵان تۆمارکردووە کە بەهۆیانەوە دوو هەزار و 985 منداڵ مردوون. هەروەها جۆری تووندوتیژییەکان بریتین لە بە سەربازکردنی منداڵان و بەشداریپێکردنیان لە شەڕدا، کوشتن و بریندارکردن، دەستدرێژیی سێکسی، رفاندن و هێرشکردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.
 
گۆتێرێز ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی زۆربوونی شەڕ و پێکدادانەوە لە وڵاتان لە 2022دا ژمارەکە بەراورد بە ساڵێک پێش خۆی زۆر زیادیکردووە؛ لە میانمار ژمارەی تووندوتیژیی دژی منداڵان 140٪ زیادیکردووە و لە سوودانی باشووریش 135٪.
 
تووندوتیژییەکان لە کۆڵۆمبیا، ئیسرائیل، فەلەستین، لوبنان، لیبیا، مالی، نەیجیریا، سوودان و سووریا بەرزبوونەتەوە. بە گوێرەی قسەکانی گۆتێرێز، لەکاتێکدا 50٪ی تووندوتیژییەکان بەهۆی پێکدادانی گرووپە چەکدارییە ناحکومییەکانەوە روویانداوە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە هێزی سەر بە حکومەتەکان لێی بەرپرسن.
 
ئەو وڵاتانەی زۆرترین تووندوتیژییان تێدا تۆمارکراوە بریتین لە کۆنگۆ، ئیسرائیل، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فەلەستین، سۆماڵ و سووریا. لە لیستەکەدا ناوی هەردوو وڵاتی هایتی و نایجەریش هاتووە کە پێشێلکارییەکان دژی منداڵ جێگەی نیگەرانین.
 
گۆتێرێز باس لەوە دەکات، سوپای رووسیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە 2022دا 480 هێرشیان بۆ سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکان کردووە. بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی نەتەوەیەکگرتووەکان، رووسیا لە ئۆکراینا 136 منداڵی کوشتووە و 518 منداڵیشی بریندارکردووە.
 
نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە سوپای رووسیا دەکات پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بێت و دەست لە هێرشکردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بپارێزێت. هاوکات داواشی کردووە، لەو ناوچانەی جەنگدا کە دەکرێت منداڵ زیانیان بەربکەوێت، پێش ئەوە نەتەوەیەکگرتووەکان لە هێرشەکانی ئاگاداربکاتەوە تاوەکو رزگاریان بکەن.
 
لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئۆکرایناش بە بێ تاوان ناونەبراوە؛ بە گوێرەی ئەو راپۆرتە ئۆکراینا بەرپرسە لە کوشتنی 80 منداڵ و بریندارکردنی 175ی دیکە و 212 هێرشیان بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.