رووداو- واشنتن
لەگەڵ رێککەوتنی ئیدارەی ئەمریکا و رووسیا لەبارەی ئاگربەستی کاتی لە سووریا، ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەوی سووریا پێیانوایە کە ئیدارەی ئەمریکا پشتی تێکردوون.
ژمارەیەک پسپۆڕی شیکاری ئەمنی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راپۆرتێکیان دەربارەی رەوشی سووریا ئاڕاستەی پێنتاگۆن کردووە، هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئیدارەی کۆشکی سپی چاو دەپۆشیت لە لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەو کە ساڵانێکە ئەمریکا وەبەرهێنانی سیاسی و ئەمنی لەگەڵیان دەکات.
بەپێی راپۆرتەکە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا لە ئاست هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بێدەنگە، خۆشی پشتگیری لە شەڕڤانانی یەپەگە دەکات بۆ لە ناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەو، کە ماوەی سێ ساڵە هێزێکی تایبەتی ئەمریکا مەشقیان پێدەکات.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن لەکاتێکدا هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەکوژرێن ئیدارەی ئۆباما بێدەنگە، سەیری کوشتنیان دەکات، هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی ئۆباما لە سووریادا بژاردەکانی گونجاو نین، جگە لە پەیەدەو هاوپەیمانەکانی هیچ هێزێکی دیکە نییە لە سووریا کە ئەمریکا پشتی پێ ببەستێت.
فریدرێک سی هۆڤ راوێژکانی پێشووی ئۆباما بۆ کاروباری سووریا ئاماژە بەوە دەکات کە بژاردەکانی ئۆباما لە نێوان شەیتان و سواڵکەردایە کە ناتوانێت هیچیان هەڵبژێردرێت.
ئیدارەی ئەمریکا بە سەرپەرشتی سی ئای ئەی و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڕی 500 میلیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردن و راهێنانی ژمارەیەک چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەو تەرخانکرد بەڵام تەنیا 145 چەکدار مەشقیان پێکرا،بۆ ئەم مەبەستە 388 میلیۆن دۆلار خەرجکرا.
فیردریک ئاماژەی بەوە دەکات ئیدارەی ئەمریکا تەنیا شەڕڤانەکانی بەدەستەوەیە دەتوانێت وەکو بژاردەیەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بەڵام پەیەدە ئەجیندای تایبەت بە خۆی هەیە دەیانەوێت ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ خۆیان دابمەزرێنن.
هەروەها فریدرێک ئاماژەبەوە دەکات کە پەیەدە لەگەڵ رووسیا و حکومەتی سووریا پەیوەندی و هاوئاهەنگی دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئیدارەی ئەمریکا بە پشتگیکردنی پەیەدە و رێککەوتن لە گەڵ رووسیا، ناپاکی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات. بۆیە ئەمریکا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە قوربان پەیەدە دەکات.


