هەرێمی کوردستان بەشداری لە گەورەترین کۆنفرانسی ساڵانەی پەروەردەییدا دەکات

23-01-2020
کوردستان حەسەن
کۆنفرانسی جیهانیی پەروەردە لە لەندەن هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی دووەمدا بەڕێوەدەچێت
کۆنفرانسی جیهانیی پەروەردە لە لەندەن هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی دووەمدا بەڕێوەدەچێت
A+ A-
 
رووداو - لەندەن

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیان بە ئامادەبوونی هەزار و 263 نوێنەری 95 وڵات، گەورەترین کۆنفرانسی ساڵانەی پەروەردەیی بەڕێوەچوو. شاندی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداربوون.
 
ئالان محەممەد سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆڕبەندی پەروەردەیی جیهانیدا بەشدارین کە ساڵانە لە مانگی یەکدا بەڕێوەدەچێت. لێرە چەندین دیدار و گفتوگۆ بەڕێوەدەچن و باس لە کێشە پەروەردەییەکان و بابەتە پەروەردەییەکان دەکەن. بابەتی ئەمساڵ ئامادەکردنی نەوەیەکە بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕانکاری لە پەروەردەدا بکەین".
 
دکتۆر ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم دیدارە پێیگوتین ئەمڕۆکە هەموو دنیا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا خەمی داڕشتنەوەی سیاسەتێکی سەرلەنوێیەتی. بۆ ئێمەش و دنیای ئێمە ئەمە زۆر گرنگە و توانیمان سوود وەربگرین".
 
رێکخراوی "ئی ئێف" پێشتر بۆ هەڵسەنگاندنی زەمینەی جێبەجێکردنی پرۆژەیەک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو کە ئامانج لێی باشترکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی و مەشق و راهێنان بوو بە مامۆستا و خوێندکاران.
 
 کو چەنگ، سەرۆکی پرۆژەکەی رێکخراوی ئی ئێف رایگەیاند، "پار لەنێوان مانگی پێنج بۆ حەوتدا کارمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هەڵسەنگاندنی توانای خوێندکار و مامۆستاکان. لە هەموو زانکۆکانی کوردستان لە ناوچەکەمان کۆڵییەوە و دەتوانین پێناسەی ناوچەکە بکەین کە لەوێ سەرمایەگوزاری بۆ پێشخستنی ئاستی زمانی ئینگلیزی  بکەین".
 
کۆمپانیا و رێکخراوەکان لەم کۆنفرانسەدا کێبڕکێدەکەن بۆ کارکردن لە بواری پێشخستنی کەرتی پەروەردە لە جیهاندا و پێیانوایە هەرێمی کوردستان بەشە ئارامەکەی عێراقە.
 
محەمەد مەدەنی، سەرۆکی کۆمپانیای کلاسێرە لە ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، "لە راستیدا زۆر خۆشحاڵ دەبین ئەگەر لەگەڵ کوردستاندا کاربکەین، یەکێکە لەو جێگەیانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دیارە و چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت کارکردن لەوێ لە سەرووی چاوەڕوانییەکانی خەڵکەوە بێت".
 
تۆنی رەیلی، بەڕێوەبەری بریتیش کاونسڵ لە مەغریب باس لەوە دەکات، "پێموایە لە ئاستی خوێندنی باڵادا ئێوە ژمارەیەک زانکۆی زۆر باشتان هەیە. ئێمە دەتوانین پێکەوە زۆر کاری باش بکەین لە رووی توێژینەوە و گۆڕینەوەی ئەزموونی  ئەکادیمیا".
 
کۆنفرانسی جیهانیی پەروەردە لە لەندەن هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی دووەمدا سەدان وەزیر، شارەزا و پسپۆڕی بواری پەروەردە کۆدەکاتەوە، لەنێوانیاندا بریتش کاونسڵ کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی بەریتانیە و لەساڵی 1934دا دامەزراوە، راستەوخۆ لەلایەن خانەوادەی شاهانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و کارکردن لە کوردستان بە کاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.