رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجارە تیمێکی شاخەوانانی کوردستان دەگەنە سەر لووتکەی کانگ یاتسێ 2 لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا، کە بەرزیی لووتکەکە 6 هەزار و 250 مەتر دەبێت، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان دەڵێت: "سەرکەوتنەکە زۆر دڵخۆشی کردووین."
شەوی پێنجشەممە، 22-6-2023، ئەنوەر دۆڵەمەڕی، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمێکی پێنج کەسیی شاخەوانانی کوردستان شەوی 20 لەسەر 21ـی ئەم مانگە گەیشتە سەر لووتکەی کانگ یاتسێ 2 لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا لەبەری هیندستان، کە ئەوە بۆ یەکەمجارە شاخەوانانی کوردستان بگەنە ئەو شوێنە."
ئەو پێنج شاخەوانە لە رۆژی سێ ئەم مانگە گەیشتنە هیندستان، گەشتەکەشیان تاوەکو گەیشتنە لووتکەکە 12 رۆژی پێچووە.
ئەنوەر دۆڵەمەڕی، کە یەکێکە لەو پێنج شاخەوانە گوتی: "ئەوە سەرکەوتنێکی تەکنیکی و ئەزموونگەرانەی گرنگە بۆ شاخەوانانی کوردستان، سەرکەوتنەکە دوای دوو جار هەوڵدان هات، چونکە ئەو لووتکە چیایانە سەخت و بەرزن و کەشوهەوای ناجێگریش یەکێکی دیکە بووە لە هۆکارەکان کە وایکرد چوونە سەرەوە زەحمەت بێت، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتین."
تیمەکە بەپێی سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانان پێکهاتوون لە دانیاڵ نەبی موزەفەر، ئەنوەر عەلی مەحموود، مەولوود مستەفا سلێمان، ئیبراهیم محەممەد شەهباز، داریوش نەبی موزەفەر.


