رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەولێر، لە کەمپێکی پەنابەران لە وڵاتی فەرەنسا گیانی لەدەستدا. چالاکڤانێکی ئاگادار دەڵێت، ئەو هاونیشتمانییە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبووە و دەرمانی نەماوە.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەران لە ئەورووپا، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی مەسعود سلێمانە و لەدایکبووی 1981ـە، خەڵکی بناری چیای سەفینە و پێشتر دانیشتووی هەولێر بووە."
ئەو هاونیشتمانییە دوای ئەوەی دەرگەی ژوورەکەی بۆ هاوڕێکانی نەکردووەتەوە، پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە، دەرگاکەیان شکاندووە و بۆیان دەرکەوتووە شەوی 20ی ئادار گیانی لەدەستداوە.
رەنج پشدەری دەڵێت، "مەسعود نەخۆشیی درێژخایەنی هەبووە، بە هاوڕێکانی گوتووە، دەرمانەکانی تەواو بوون و دەستی ناکەون. بۆیە پێدەچێت هۆکاری مردنەکەی هەر ئەوە بووبێت."
ئەو چالاکڤانە باسی لەوەش کرد، "ئەو هاونیشتمانییە چەند ساڵێک لە وڵاتی سوێد ژیاوە، دواتر بەهۆی پێنەدانی مافی پەنابەرییەوە چووەتە وڵاتی فەرەنسا، بەو ئامانجەی خۆی بگەیێنێتە بەریتانیا."
ئەو کەمپەی گەنجەکەی هەولێر تێیدا گیانی لەدەستداوە، بۆ ئەو کۆچبەرانەیە کە ناتوانن بپەڕنەوە بەریتانیا و تەنیا سێ مانگیش مافیان هەیە تێیدا بمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ