گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز بۆ دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت

22-03-2025
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن نەورۆزی کۆڵن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاهەنگێکی گەورەی جەژنی نەورۆز بۆ دیاسپۆرای کوردی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. پەیامنێری رووداو دەڵێت، هاونیشتمانییان لە سەرانسەری ئەورووپاوە بۆ بەشداریکردن چوونەتە شارەکە. 
 
ئەمڕۆ شەممە 22-03-2025، ئاهەنگێکی گەورەی جەژنی نەورۆز لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت کە لە سەرانسەری ئەورووپاوە کوردانی دیاسپۆرا بەشداری تێدا دەکەن. 
 
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە گوتی، کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان کە لە ئەورووپا دەژین، بۆ بەشداریکردن لەم ئاهەنگە هاتوونەتە کۆڵن.
 
نادر دۆغاتی، سکرتێری کۆمیتەی گشتیی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کە یەکێک لە رێکخەرانی ئاهەنگەکەیە قسەی بۆ ئاڵا شاڵی کرد و رایگەیاند: ''زیاتر لە سێ مانگە ئامادەکاری بۆ ئەم ئاهەنگە دەکرێت. ئاهەنگەکە بۆ پاڵپشتیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت.''
 
نادر دۆغانی گوتی: ''بانگەوازیی ئێمە بۆ لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە کە یەکبگرن، یەکدەست بن و پێکەوە بچنە دیمەشق بۆ ئەوەی مافی کورد لە دەستووردا بنووسرێتەوە؛ هەروەها بۆ یەکڕیزیی دیاسپۆرای کوردی ئەو ئاهەنگە بەڕێوەدەبەین.''
 
 
هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستانیش کە دانیشتووی ئەورووپایە بە پەیامنێری رووداوی گوت: ''دەمانەوێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان سەربکەوێت. کورد پێویستی بە یەکڕیزییە.''
 
بڕیارە چەندین هونەرمەندی کورد لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بن، لەوانەش شڤان پەروەر، ئەیوب عەلی، کانی موجتەهیدی، ئەلەند حازم و ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە.
 
 
ئاڵا شاڵی بەر لە دەستپێکردنی ئاهەنگەکە گوتی: ''شاری کۆڵن بە ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردی داپۆشراوە.''
 
هەزاران کورد لە سەرانسەری ئەورووپا چوونەتە شاری کۆڵن و لە ئاهەنگی نەورۆز دا بەشدارن.
 
ناوە ناوە ئەو هاونیشتمانییانەی لە شوێنی ئاهەنگە ئامادەن، یەکدەنگ دروشمی ''بژی یەکێتیی گەلی کورد'' و ''بژی کوردستان'' بە دەنگی بەرز دەڵێنەوە.
 
 
دلبخوێن دارا بۆ رووماڵی تایبەتی ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵنە و قسەی لەگەڵ هاونیشتمانییەکی هونەرمەند بە ناوی زوهێر کرد کە وێنەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ‌هێزەکانی سووریای دیموکراتی لەسەر چۆکلێت و شیرینی نەخشاندووە.
 
زوهێر گوتی، نەخشاندنی وێنەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لەسەر چۆکلێتەکان وەکو هێمایەک بۆ یەکڕیزیی کورد کردووە و ''ئەمە شیرینیی یەکێتیی کوردە.''
 
 
ئاهەنگەکە تاوەکو کاژێر 19:00ـی ئێوارە بە کاتی ئەڵمانیا و 21:00 بەکاتی هەولێر بەردەوام دەبێت.
 
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداویش لە شاری کۆڵن رووماڵی ئاهەنگەکە دەکەن.
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندان لەبەردەم لقێکی تێسلا

ئەمریکییەکان بە خۆپێشاندان لەبەردەم پێشانگەکانی تێسلا داوای دوورخستنەوەی مەسک دەکەن

خۆپێشاندانی هاووڵاتییانی ئەمریکا لەبەردەم پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی تێسلا لە سەرانسەری ئەمریکا بەردەوامە. سەدان خۆپێشاندەر داوا دەکەن ملیاردێر ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا لە حکومەت دووربخرێتەوە