جیهان
خێزانێکی ئاوارەی غەززە بەلای باڵەخانەیەکدا دەچن کە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە وێران بووە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەکی ئەمریکا سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە دەدات.
ئەمریکا لە پرۆژەیاساکەدا داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی شەش هەفتە و ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس دەکات.
لە حەوتی ئۆکتۆبەری پارەوە، ئەمریکا بەردەوام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی ڤیتۆی بەرامبەر بە هەر پڕۆژەیاسایەک بەکارهێناوە کە تێیدا داوای "دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە" بکات.
لە پرۆژەیاساکەی ئەمریکادا هاتووە: "ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بەردەوام بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە هەردوولا رابگەیێندرێت، رێگە بە گەیاندنی هاووکارییە مرۆییەکان بدات و کۆتایی بەو دۆخە مرۆییە خراپە بهێنێت".
زیاتر لە پێنج مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە و تائێستا ئەمریکا خۆی بەدوورگرتووە لەوەی بە فەرمی وشەی "ئاگربەست" بەکاربهێنێت و سێ جاریش لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆی ئاگربەستی کردووە.
بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەربچێت و ببێتە بڕیار دەبێت لانیکەم لە 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە 9 وڵاتی ئەندام دەنگی پێبدەن و لەلایەن هیچ یەک لە ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، رووسیا و چینەوە ڤیتۆ نەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئاداری 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە شەشەم جارە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە سعودیە راگەیاند، کە ئەمریکا هێشتا پێیوایە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست کە لە قەتەر بەردەوامە، بتواندرێت بگەنە ئەنجام.
چەندین هەفتەیە بە نێوەنگیری ئەمریکا، میسر و قەتەر گفتوگۆکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ رووینەداوە.
ئەوەی کە خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەردوولایە ئەوەیە کە حەماس داوای ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کشانەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەکات، بەڵام ئیسرائیل بە ئاگربەستی هەمیشەیی رازی نییە و رایگەیاندووە، کە ئەوان تەنیا گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستی کاتی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ