رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕێ دەکەن لە کۆبوونەوەی ئەمرۆدا یەکێتیی ئەوروپا باسی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بکات و لە راگەیێندراوی کۆتاییشدا داوای هاوکاریی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان بکەن.
رۆژی دووشەممە، 22-01-2024، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە بروکسل بەڕێوەدەچێت، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی شەڕی غەززەیە و چاوەڕێ دەکرێت وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە، باسی هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بکات.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە لە بەرنامەی نوورۆژ پەخشکرا، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمرۆ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رایگەیاند "کۆبوونەوەکە سێ تەوەرە، جەنگی ئۆکراینا تاوتوێ دەکرێت کە تائێستا پرسێکی گرنگە. هەروەها شەڕی غەززە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەیە و بە گوێرەی ئەو کارنامەیەش کە بەدەستمان گەیشتووە، دەرهاوێشتەکانی جەنگی غەززە و چۆنیەتی پێشگیریکردن لە شەڕەکە بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێدەکرێت، کە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئێستا زۆر نیگەرانن لە ئەگەری تەشەنەکردنی."
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەم سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە 11 مووشەکی بالیستی هەولێری کردە ئامانج کە بەشێک لەو مووشەکانە بەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلی شارەکە کەوتن و لە ئەنجامدا خۆی و منداڵێکی 11 مانگ و هاوڕێیەکی و خزمەتگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا، دوای هێرشەکە سوپای پاسداران رایگەیاند، بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیلیان بۆردوومان کردووە. هێرشەکە کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی زۆری لێکەوتەوە و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا سەرکۆنەیان کرد و دژی هێرشەکە وەستانەوە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا جەختدەکاتەوە، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی یەکێتییەکە دژی هێرشەکە وەستانەوە و لەنێو خۆشیاندا ئەوەیان باسکردووە، چۆن رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببنەوە و وابکەن دووبارە نەبنەوە، "بە دڵنیاییەوە پرسی ئەو هێرشانە تاوتوێ دەکرێت، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین لەو کۆبوونەوەیەدا سەرکۆنە بکرێت و لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا داوای پاڵپشتیی زیاتر بکرێت بۆ هەرێمی کوردستان."
دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت، "وڵاتانی زلهێزەکانی یەکێتیی ئەوروپا وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە، بە شێوەیەکی تووندتر لە یەکێتییەکە ئەو هێرشانەیان سەرکۆنەکرد، ئەوانەش کە لە کۆبوونەوەی ئەمرۆدا بەشدارن، وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەن و هەر خۆیانن کە وادەکەن لە کۆبوونەوەکەدا بابەتەکە باس بکرێت و هەڵوێستی تووندتر بنوێنن."
لەبارەی ئەگەری زیادکردنی پاڵپشتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، دلاوەر ئاژگەیی بە رووداوی گوت، "یەکێتیی ئەوروپا یەکێتییەکی زیاتر ئابوورییە نەک سەربازی، بڕیارەکانیشی زیاتر خۆیان لە سزای ئابووریدا دەبیننەوە، بۆیە بڕیارەکانی لەو چوارچێوەیە دەرناچن، چەندین سزاش بەسەر ئێراندا سەپێندراون و ئێستا هەن، بۆیە ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە ، چونکە بە تایبەتی بۆ وڵاتانی دیکە کە پەیوەندیی بازرگانی و ئابوورییان لەگەڵ ئەوروپا هەیە، کە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەیبینن، ئەم هەنگاوانە گرنگ دەبینن و بڕیارەکان کاریگەریی خۆیان دەبێت، کە لە کۆتاییشدا ئەو بڕیارانە دەبنە پشتگیرییەکی سیاسی بۆ خەڵکی کوردستان."
سەبارەت پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و رێگرتن لە هێرش و مەترسییەکان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە جەنگی دژی داعش هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان کردووە، رۆڵی خۆیان سەلماندووە، ئێستا بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان ماون و رۆڵیان هەیە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە یەکێتیی ئەوروپا دەتوانێت لە بواری سەقامگیری و ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان هاوکار بێت و لەو رێگەیەشەوە، پەیامێک بداتە نەیارانی هەرێمی کوردستان."
ئەو نوێنەرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دووپاتیشی دەکاتەوە، "پێموایە یەکێتیی ئەوروپا لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لە کۆبوونەوەکانیاندا بەردەوام بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا باس لەوە دەکەن، سەقامگیریی و بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق زۆر گرنگە، تەنانەت پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا دەبێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر لە عێراق. لە هەموو کۆبوونەوەکانیش کە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەیکەن، داوای بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستانی دەکەن، کە ئەوەش پەرەسەندنێکی گرنگی پەیوەندییەکانە و پێشتر نەکراوە."
هەروەها گوتیشی، "پێش بۆردوومانە مووشەکییەکەی ئێران، کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هەبوو، داوامان لێکردن پشتیوانی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە رەنگە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئەو رووداوانە ببێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ