چیرۆکی کامران ژێ کیکان، پارێزەرێکی سەرکەوتووی کورد لە پاریس

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
چیرۆکی ژیانی کامران ژێ کیکان
چیرۆکی ژیانی کامران ژێ کیکان
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چیرۆکی ژیانی پارێزەرێکی کورد لە فەرەنسا زۆر باڵکێشە. هەر لە بەشداریی لە دامەزراندنی ئینستیتوتی کوردی لە پاریسەوە تاوەکو بەشداریکردن لە بوویەرە گەورە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە فەرەنسا. 
 
تیمی دیاسپۆرا لە سەردانێکی مەیدانیان چوونە نووسینگەی کامران ژێ کیکان، پارێزەرە کوردەکە لە پاریس و ئەویش چیرۆکی دیاسپۆرانشینیی خۆی بۆ گێڕانەوە. 
 
کامران ژێ کیکان لە چواری مانگی نیسانی ساڵی 1982 چووەتە فەرەنسا، دەڵێ "دوای دوو ساڵ ئازار و زەحمەتی لە سووریا و لوبنان، کاتێک هاتمە فەرەنسا کۆمەڵەی کوردی نەبوون، بەڵام ماڵی کوردان هەبوو، ئەویش لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ کراوە بوو، بگرە تەنیا رۆژێک ئەویش لە رۆژانی شەممان، دوای نیوەڕۆیەکەی، تەنیا ئەشکەوتێک بوو، وەک ژێرزەمینێک بوو، کاتێک ئەوێمان بینی گوتمان ئێمە هاتووین بۆ فەرەنسا بکەوینە ئەم ئەشکەوتە؟"
 
کامەران ژێ کیکان، لە هۆزی کیکانە بۆیە پێی دەڵێن ژێ کیکان، وەک خۆی باسی دەکات "بنەماڵەمان ناوبانگە بە خەلیلی شویش، باوکم بەگزادەیەکی کوردە و کیکان بوو، کیکان لە زۆربەی ناوچەکان هەن، باوکم خەڵكی گوندی بەتووز بوو، ئێمە سێ گوندمان هەن لە باکووری کوردستان و شەش گوندیشمان دەکەونە رۆژئاوای کوردستان."
 
دوای ئەوەی گەیشتووەتە فەرەنسا ژێ کیکان لەگەڵ خاتوونێکی فەرەنسی ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و کوڕێکیان هەیە بەناوی کەنداڵ، کە ئێستا تەمەنی 30 ساڵە . پارێزەرە کوردەکە لەبارەی کوڕەکەیەوە دەڵێ "خۆی بە کورد دادەنێت و دەڵێت لە هۆزی کیکانیم، کاتێک لێی 'دەپرسن کیکان کێن؟' ئیدی ئەو کاژێرێک باسی کیکانییەکانیان بۆ دەکات."
 

کامەران ژێ کیکان خوێندنی لە تورکیا تەواو کردووە، لە 11ـی ئەیلوولی 1980 لەسەر سەربازیکردن زیندان کراوە و زۆر ئازاردراوە. ئەو دەڵێ "ئەوەندە ئەشکەنجەیان دام، لە دڵی خۆمدا گوتم، ئەگەر خوا من بە زیندوویی لێرە دەربخات، بەڵێن بێت راستەوخۆ ئەو وڵاتە بەجێدێڵم و لێرە نامینم و هەرگیز ناگەڕێمەوە، ئەوە ماوەی 42 ساڵە لە فەرەنسا دەژیم و لەسەر سوێندەکەم ماوم."

ئەوکاتەی چووەتە پاریس، بەگوتەی خۆی 'نزیکەی 15 بۆ 20 کەس لێرە هەبوون و دەیانگوت ئێمە کوردین، یەکێک لەوانە خوالێخۆشبوو جەعفەرێ گولی بوو، نوێنەری پارتی دیموکرات بوو لێرە، هەروەها کاک خەسرەو عەبدوڵڵایی بوو، خوێندکار بوو و زمانی کوردی - شێوەزاری کورمانجیی دەگوتەوە، هەروەها کاک کەنداڵ نەزان و کاک ئەحمەد بامەڕنی بوون، زۆربەیان وەفاتیان کردووە، خوالێیان خۆش بێت، یەکێکی دیکەش پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردی ئێزدی بوو لەسەردەمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی ناوی تەمۆ بوو، دەنگبێژیش بوو، ئێستا لە کوردستانە و زۆر خزمەتی کرد، بەگشتی کەم بووین لێرە، واتە زۆر زۆری 20 بۆ 30 کەس بوون ئەوانەی لێرە دەیان گوت ئێمە کوردین و بە کوردی دەدوان و کاریان دەکرد.'
 
"لەسەر بەڵێنی دانیاڵ میتران، سەرۆکی فەرەنسا ئینیستیتوتی کوردیمان لە پاریس دامەزراند"
 
لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، وەک ژێ کیکان باسی دەکات 'لە فەرەنسا رەنگە هەندێ دیپلۆماتکار و بەرپرس دەیانزانی کورد کێن و چین، بەڵام بەگشتی خەڵکەکەی نەیاندەزانی کورد کێن و چەند ستەملێکراو ژێر دەستەن، لەسەرەتادا زۆر بۆمان زەحمەت بوو.' 
 
'بەڵام دواتر دوای یەکترناسین لەنێوان ساڵانی 1982 و 1984، بەڕێز دانیال میتران لە رێگەی کەنداڵ نەزانەوە بەڵێنی پێداین و دواتر لەسەر ئەو سۆزەی ئەو، ئێمە ئینستیتوتی کوردیمان لە پاریس دامەزراند.'' ئەمە وەک ژێ کیکان باسی دەکات.
 
پارێزەرە کوردەکە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئینیستیتوتی کوردی لە پاریس، کە لەو رۆژەی کرایەوە تاوەکو ساڵی 2005 رۆژانە کاری تێدا کردووە، دەڵێ "هەندێکجار لەبەر ئەوە پێم دەڵێم موختاری پاریس، هەندێکجار ئەو قسەیان راستبوو، من بۆ کوردی فەرەنسا وەک موختار وابووم، چونکە پێشوازیم لەو کوردانە دەکرد، کە دەهاتنە فەرەنسا، هەروەها وەرگێڕیم بۆیان دەکرد و کۆڕ و کۆنفرانسم دەگێرا و، پەیوەندیم بۆیان دروست دەکرد و هەندێ لەو کوردانە کاتێک کۆچی دواییان دەکرد، کەسیان نەبوو لێرە، من خۆم لێدەکردنە خاوەن و زۆربەی کاری سۆسیاڵ من بۆیانم دەکرد."
 
خوێندنی یاسا خزمەتکردنی دۆزی کورد لە فەرەنسا 
 
کامران ژێ کیکان لە ساڵی 1983 دەستی بە خوێندنی یاسا کرد لە فەرەنسا و لە ساڵی 1989 و 1990 تەواوی کردووە، لە ساڵی 1994 ـدا بووەتە مامۆستا لە بەشی یاسا و لە ساڵی 2005 بووەتە پارێزەر و کاری پارێزەرایەتیی دەستپێکرد، دەڵێ "پێشتریش دەمتوانی پارێزەرایەتی بکەم، بەڵام لە ساڵی 1984ـەوە کاری یاسایی دەکەم و تاوەکو ئەمڕۆ و هەمیشە خزمەتکاری دۆزی کوردبوومە و دەبم."
 
"کاک مەسعود و مام جەلال هاتنە ئێرە و مۆراڵی کورد زۆر بەرز بوو"
 
لەکاتێکدا باسی ساتە گرنگەکانی ژیانی دەکات، کامران ژێ کیکان باسی ساڵی 2002 دەکات و دەڵێ "گەورەترین پاڵپشتی بۆ باشووری کوردستان لێرە لە فەرەنسا لە 28 و 29ی مانگی 11 ی 2002 بوو، بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو و مانگێک بوو ئامادەکارییمان کردبوو، لەو کاتەدا کورد یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بوون لەدوای راپەڕینەوە، ئەوە بوو کاک مەسعود و مام جەلال هاتنە ئێرە و مۆراڵی کورد زۆر بەرز بوو، ئەوکات ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی زۆر کەم بوون، بانگهێشتمان کردن و ئەوانەی کە دۆست بوون، کە ئێستا کەمتر دۆستن، هەروەها ئەوانەشی کە دۆست نەبوون بەبێ جیاوازی، لە ئاوێن کلێبەر ئەو شوێنەی پەیمانی ئاشتیی شەڕی ڤیێتنامی لێ مۆرکرا هەر لەو هۆڵە سازکرا و هەموو سەرکردەکانی کورد ئامادەبوون".
 
هەروەها گوتی "ئەوەی کە ئێستا عێراق هەیەتی لەو هۆڵە بە پشتیوانیی ئەنستیتوتی کوردی لە پاریس، هەروەها سەرکردەکانی کورد و هەندێ لەو عێراقییانە دروستبووە، واتە ئەو هەوێنی دروستبوونی ئەمڕۆیە، مادە بە مادە، دوای ئەو لە لەندەنیش ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کۆبووەوە، پاشان لە کوردستانیش کۆبوونەوە."
 
"نووری مالیکی دەستکورت بوو و پارەی تیکیتی فڕۆکەی نەبوو."
 
کامران ژێ کیکان بەردەوام دەبێت لە باسکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ئەو کۆبوونەوە 'گرنگە لە فەرەنسا و دەڵێ "ئەوکات یەکێک لە سەرکردە عێراقییەکان نووری مالیکی بوو، کەسێکی زۆر هەژار و دەستکورت بوو، تەنانەت ئێمە تیکتی فڕۆکەمان بۆ کڕی دەنا پارەی تێکتەکەشی نەبوو، زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لێکرد و وەک میوان زۆر رێزمان گرت، ئێستا زۆر زۆر سەرسام و شۆکین بە هەندێک لە کردارەکانی، چونکە ئێمە چاوەڕوانی هاوڕێیەتییەکی زۆر باش و پتەومان لێدەکرد، بەڵام بەداخەوە نەیبردە سەر."
 
ئێستا تەمەنی کامران ژێ کیکان 65 ساڵە، کاری رۆژانەی لە پاریس پارێزەرایەتییە و خەڵک دەیناسن. ناوبانگێکی زۆری هەیە و کارەکەشی بە گوتەی خۆی زۆر باشە. ئەو دەڵێ "بەگشتی ناوبانگی پارێزەرانی کورد لە پاریس زۆر باشە و نزیکەی 25 کەس دەبین، کاری پارێزەرایەتی لە فەرەنسا دەکەین، هەموویان خۆیان بە کورد دەزانن و کەسانی بێ لایەنن، جگە لەوەی ئێمە کوردی باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاواین، کوردی فەرەنسایین و ئێرەش بە بەشێکی کوردستان دادەنێنین بۆ خۆمان."
 
"یەکەم پارێزەری کورد لە فەرەنسا پیاوێکی پێشمەرگە بوو و منم"
 
ژێ کیکان گوتی "من پیاوی شۆڕشەکانی کوردم و خۆم بە پشتیوان و پارێزەر و خزمەتکاری شۆڕشی کوردی دەزانم، ئەوەی باوک و دایک و باپیرانم نەیان بینی سوپاس بۆ خوا من بینیم، هەمیشە من دەڵێم یەکەم پارێزەری کورد لە فەرەنسا پیاوێکی پێشمەرگە بوو، کە گیانی خۆی دابووە پێشخۆی بۆ خۆشگوزەرانی نەتەوەکەی، ئەویش من بووم، لێرەش بە یاسا پشتیوانی لە دۆزی نەتەوەکەم دەکەم و هەر پێشمەرگەم بەڵام پێشمەرگەی یاسا."
 

چیرۆکی وێنەکەی گیڤارا لە پشت سەرییەوە؛ 'یەکێکە لە پێنج وێنەکەی گیڤارا خۆی بەخشیویەتی' 
 
وێنەی گیڤارە لە نووسینگەکەی ژێ کیکان لە پاریس لە پشت سەرییەوە هەڵواسراوە، ئەو چیرۆکەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێ "وێنەکە کۆنە، لەبەر خاتری یەکێک لە مامۆستاکانم دامناوە، ئەو مامۆستایەک بوو پشتیوانی لە شۆڕشی جەزائیر کردبوو، کاتی خۆی گیڤارە خۆی ئەم وێنەیەی بە دیاری ناردووە بۆ  ئەحمەد بن بەڵا، ئەحمەد بن بەڵاش وەک دیاری وێنەکەی بەخشی بەو پارێزەرەی کە پارێزەری بۆ کرد لە دادگا، ئەو پارێزەرەش کە مامۆستای من بوو وێنەکەی کردە دیاری بۆ من و گوتی بە کەسی مەدە، لە هەموو دونیا تەنیا پێنج وێنە هەن کە گیڤارا خۆی بەخشیون، یەکێک لەو پێنج وێنەیە ئەم وێنەیەی کەلەپشت سەرمەوە هەڵواسراوە، واتە لەبەر خاتری ئەو پارێزەر و مامۆستایەی خۆم هەڵمواسیوە، دەنا حەزم دەکرد لە شوێنی ئەو وێنەی سەرکردە مەلا مستەفای بارزانی بووایە."
 
جگە لە وێنەکەی گیڤارا چەند وێنەیەکی دیکە لە نووسینگەکەیدا هەن، دەڵێ "ئەو وێنانەش هی ئەوکاتەیە کە وەک پارێزەر سوێندی یاساییم خوارد، لە دادگای باڵای فەرەنسا، هەروەها ئەم وێنانەش هی ئەوکاتەن کە سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد و میوانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بووم، لەوێش عەلی قازیم بینی."
 
"کوردانی دانیشتووی فەرەنسا بە کوردایەتییەوە سەرقاڵن"
 
لە دوا گوتەکانیدا بۆ رووداو پارێزەرە نێودارەکەی کورد لە پاریس دەڵێ "دەبێ مرۆڤ بێ ئومێد نەبێت، کوردی دانیشتووی فەرەنسا خۆیان بە کورد دەزانن، هەروەها هەستێکی تایبەتیان بۆ کورد و کوردستان هەیە، رۆژانە لە تیڤی و سۆشیاڵ میدیا بە کوردایەتییەوە سەرقاڵن، پێشتر کوردی فەرەنسا گرێدراوی پارتە سیاسییەکان بوون، بەتایبەتی کوردی باکووری کوردستان، بەڵام ئێستا نەتەوەییە."
 
سەبارەت بە بوونی ئەنستیتوتی کوردی لە پاریسیش دەڵێ "وەک زانکۆیەک وایە و هەموویان خۆیان تێدا دەبیننەوە، هەندێک بۆشایی هەن و هەوڵی زۆرهەن بۆ ئەوەی کۆمەڵەی جیاجیای دیاسپۆرای کوردی لە فەرەنسا دروست بکرێن، لە باشووری کوردستانیش پشتیوانیان هەیە و لێرەش کورد دەیانەوێ، بۆیە ئومێدی زۆرم هەیە و چاوی زۆربەی کوردی دیاسپۆرای فەرەنسا لەسەر کوردی باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە،  هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازن و هەمیشە پشتیوانیانن، گرنگیشە گەنجانی ئێمە لێرە بگەڕێنەوە کوردستان و لەوێ لە زانکۆکان بخوێنن و کولتوور و نەریت و هونەری کوردی و تەنانەت سیاسەتی کوردستانیش باشتر فێربن، ئینجا بگەڕێنەوە ئێرە و درێژە بە خوێندنیان بدەن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەنگدەرێکی فەرەنسی لە بنکەیەکی دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردن دەنگ دەدات

دوای هەفتەیەک لە هەڵبژاردن هێشتا حکومەتی نوێی فەرەنسا پێکنەهێندراوە

زۆرتر لە هەفتەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکانی فەرەنسادا تێپەڕیوە. لە دۆخی ئاساییدا دەبێت دوای هەڵبژاردن سەرۆکی پارتی براوە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت